ئەمڕۆ لە 20 پارێزگای ئێران بەفر و باران و خۆڵبارینە

دەستەی کەشناسی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 17ی شوباتی 2025، پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی بەفر و باران و سەرما و سۆڵە بەشێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چەند پارێزگایەکی ئێران بگرێتەوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران، پێشبینییەکانی دەستەکەی بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی داوە "لە 20 پارێزگادا بەفر و باران و خۆڵبارین دەبێت، لە نێویاندا پارێزگاکانی سنە، کرماشان، ئیلام و لوڕستان لە لووتکەی شاخەکان ئەگەری بارینی بەفر هەیە و لە شارەکانیش باران و ڕەشەبا."
بە هەمان شێوە شەپۆلە باران باکوور، ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئێرانی دەگرێتەوە، بەڵام لە پارێزگاکانی باشووری ئێران پێشبینی هەورە بروسکە و خۆڵبارین دەکرێت.
هەروەها ئاماژەی داوە، ئەم شەپۆلە سەرما و بەفر و بارانە تاوەکوو چوارشەممە کاریگەرییەکانی کەم دەبێتەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە پێنجشەممەوە شەپۆلێکی دیکەی باران بۆ ماوەی دوور ڕۆژ باشووری ڕۆژئاوا و بەشێکی ڕۆژهەڵاتی ئێران بگرێتەوە.