وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا: ئەورووپا بەشداریی دانوستاندنەکان دەکات

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، ئەورووپاش بەشداریی دانوستاندنەکان لەگەڵ ڕووسیادا دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا.

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ CBSـی ئەمەریکی، لە بارەی بەشدارینەکردنی ئەورووپا لە دانوستاندنەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا، ڕایگەیاند "پرۆسەی دانوستاندن هێشتا بە شێوەیەکی گەرموگور دەستی پێ نەکردووە، ئەگەر پرۆسەکە بەرەو پێشەوە چوو، ئەوە ئۆکرانیا و ئەورووپا بەشداریی دانوستاندنەکان دەکەن."

هەروەها ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، ئەمەریکا چەند پرسیارێکی ئاراستەی ئەورووپا کردووە، لەبارەی ئەوەی چۆن دەتوانن ڕۆڵیان لە ئاگربەستەکەی ئۆکرانیا و ڕووسیا هەبێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەشی دا "پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ناتوانێت جەنگ ڕابگرێت، بەڵکوو لە هەفتە و ڕۆژانی داهاتوو هەنگاوی زیاتر بهاوێژرێت."

مارکۆ ڕۆبیۆ گوتیشی: ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، لە گفتوگۆ تەلەفۆنییەکەدا ئامادەی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا دەربڕی، بە شێوەیەک کە سەروەریی ئۆکرانیا پارێزراو بێت.

هاوکات، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 17ی شوباتی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا، بە مەبەستی دانوستاندن لەبارەی چەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا گەیشتنە ڕیاز. هەر ئەمڕۆ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگاتە سعوودیە، بڕیاریشە بەرپرسانی ئەمەریکا لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە کۆ ببنەوە.