سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئامادەین هێزی ئاشتی پارێز بنێرینە ئۆکرانیا

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بەر لە بەشداریی لە لووتکەی پاریس، وەکوو یەکەم سەرکردە لە ناتۆ، ئامادەیی خۆی بۆ ناردنی هێزەکانیان وەکوو هێزی ئاشتیپارێز بۆ ئۆکرانیا، نیشان دا.

کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند "نایەوێت سەربازەکانی بخاتە مەترسییەوە، بەڵام پاراستنی ئاسایشی ئۆکرانیا و ئاشتیی لەو وڵاتە پێویستە و گرنگە، بۆیە ئەگەر پێویست بکات ئەوا هێزەکانمان دەنێرینە ئۆکرانیا."

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا گوتیشی: ئەگەر جەنگی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا وەستا، ئەوە دەبێت بۆ هەمیشە ئەو جەنگە کۆتای بێت.

کییەر ستارمەر، بە ڕاشکاوانە گوتی: ئەگەر پێویست بیت بۆ پاراستنی ئاسایشی ئۆکرانیا، ئامادەین هێزەکانمان بنێرینە ئەو وڵاتە وەکوو هێزی ئاشتیپارێز لەوێ.

پێشتر، وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا ڕایگەیاندبوو "ئەمڕۆ لە پاریس کۆبوونەوەیەک لەبارەی دەستپێشخەرییەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا بەڕێوە دەچێت."

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیش بڵاوی کردووەتەوە "بڕیارە هەر یەک لە کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئۆلاڤ شۆلزە، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، دۆناڵد توسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا، مارک ڕوت، سکرتێری گشتیی ناتۆ، جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا و سەرکردەکانی دیکەی ئەورووپا بەشداریی کۆبوونەوەکە بکەن."

هاوکات، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 17ی شوباتی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا، بە مەبەستی دانوستاندن لەبارەی چەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا گەیشتنە ڕیاز. هەر ئەمڕۆ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگاتە سعوودیە، بڕیاریشە بەرپرسانی ئەمەریکا لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە کۆ ببنەوە.