فێستیڤاڵی ئاینیی کۆمبە میللا، لە نێوان سیاسەت و کولتووردا

هەزاران هیندوو بە ئارامیی لە کەنار ڕووباری جانج، ملیان کەچ کردووە و لە ڕامانێکی خەمناکدا ڕۆ چوونە. هەندێ لەو پیاوانە ڕووتن و لەشیان بە خۆڵەميش داپۆشراوە. هەندێکی دیکەشیان پارچە پەڕۆیەکی زەردی زافەرانییان لە ناوقەدیان بەستووە. سەرتاشەکان لە تەنیشتیاندا هەڵتروشکاون و بە کافەرما تیژەکانیان پرچیان ساف دەتاشن و تەنها چەپکێک موو لە پشتەسەریان دەهێڵنەوە.
ئەم ئاهەنگە، کە ملیۆنان حاجیی هیندووس، بۆ خۆپاکژکردنەوە لە گوناحەکانیان تێیدا بەشدارن، ڕێوڕەسمێکی دێرینەیە کە سەدان ساڵە لە فێستیڤاڵی کۆمبە میللا بەڕێوە دەچێت. بەشداریی لەم فێستیڤاڵەدا بۆ سادووسەکان (پیاوە ئاینییەکانی هیندووس کە ژیانێکی پڕ لە ڕێکاریی سەختی دەروونی قورس دەگوزەرێنن) تەوزیمییە، چونکە هیندووسەکان ئەم فێستیڤاڵە بە پیرۆزترین ڕووداوی ئاینیی خۆیان لە قەڵەم دەدەن. فێستیڤاڵەکە هەر دوازدە ساڵ جارێک، لە چوار شوێنی پیرۆزی هیندستان بەڕێوە دەچێت؛ هیندووسەکان بڕوایان وایە فیشنو، خواوەندی هیندووس، جارێک چەند دڵۆپ شیلەی نەمریی لەو شوێنانە هەڵڕشتووە.
پێشبینی دەکرێت، ئەمساڵ پتر لە 400 ملیۆن زیارەتکاری هیندووس بەشداریی لە دواڕۆژەکانی فێستیڤاڵەکەدا بکەن، کە کۆتایی مانگی شوبات لە شاری برایاجراج، لە باکووری هیندستان بەڕێوە دەچێت. ئەمەش بە گەورەترین کۆبوونەوەی مرۆڤ لەسەر گۆی زەوی لە قەڵەم دەدرێت.
بۆ ئاکاراس، واتە ئەو سێزدە هۆزە هیندووسە کۆنەی هەموو سادووسەکان دەگرنە خۆ، فێستیڤاڵەکەی ئەمساڵ بایەخێکی تایبەتیی هەیە، چونکە بووە بە خاڵی وەرچەرانی دەرکەوتنی کولتووری و سیاسیی ئەوان لە هیندستاندا.
مێژووی ئاکاراس دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شەشەمی زاین، هەر یەک لە هۆزەکانی ئاکاراس، پەیڕەویی لە خواوەندێکی تایبەت دەکەن. نیشتمانی ئەم هۆزانە، جاران سەربازگەی ڕاهینانی سادووسەکان، واتە ئەو ڕەبەنە جەنگاوەرانە بووە کە ئەرکیان پاراستن و چاودێریی شوێنە پیرۆز و دابودەستووری هیندووسەکان بووە. ئێستەش سادووسەکان وەک ڕازگری بنەڕەتیی پاراستنی دابودەستوور و ڕێوڕەسمە کۆنەکانی هیندووسەکان تەماشا دەکرێن و لەم فێستیڤاڵەدا، بە شکۆوە ڕێزیان لێ دەگیرێت. ئەمڕۆ ژمارەی سادووسەکان نزیکەی 5 ملێونن.
ماهانت ڕافیندرا بوری، سەرۆکی دەستەی فەرمانڕوای ئەکاراس، ژمارەی ئەو سادووسانەی ئەمساڵ ڕێزیان لێ دەگیرێت، لە ساڵان زیاترە و نزیکەی 10 هەزار کەسن.
ئەو هەروا گوتی: ژمارەی سادووسەکان لە هەندێک لە هۆزەکانی ئەکاراس گەیشتووتە نزیکەی نیو ملیۆن و بە دڵسۆزییەوە ژیانی سەختی ڕەبەنی هیندووس، دەگوزەرێنن. هەرچەند ئەو جۆرە گوزەرانە، لەگەڵ پێشکەوتنی خێرای کۆمەڵگەی هیندیدا ناگونجێت.
سوامی شیف بریماناند، گەورە ڕەبەنی هیندووسەکان گوتی: ئەمە سەرەتای سەردەمی ڕابوونێکی نوێیە، بە تایبەت لە نێوان گەنجەکاندا، ئێستە دەگەڕێنەوە بۆ پابەندبوون بە بنەماکانی هیندووس. دەشبینین خەڵکانێکی زۆر، زیاتر لە جاران، دەیانەوێت ببن بە سادووس.
بریماناند، هۆی گەڕانەوەی ناوبانگی ئەکاراس، دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵلاتی نەتەوەیی هیندووسەکان بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیرانی هیندستان ناریندرا مودی و حزبەکەی بەهاراتیا جاناتا. مودی، لە ماوەی دە ساڵی سەرۆک وەزیرانیدا بە وردی کاری لەسەر دوورخستنەوەی هیندستان لە بنەما عەلمانییەکان کردووە و هەنگاوی بەرەو دامەزراندنی دەوڵەتێکی هیندووسی پێگەیشتوو ناوە.
پرۆژەی سەرۆک وەزیران، تێکەڵکردنی دین و دەوڵەتە. مودی، زۆر جاران خۆی وەک گەورە ڕەبەنی هیندووس نیشان دەدات کە پەیڕەویی لە خواوەندی ساننا دارما دەکات. لە هەمان کاتدا، یوجی ئەدیتیاناس، سەرۆک وەزیرانی ویلایەتی ئوتار برادیش، کە ئەمساڵ فێستیڤاڵی کۆمبە میللای تێدا ساز دەکرێت، بە جلی زافەرانیی ڕەبەنێکی توندڕەوی هیندووسییەوە، لە فێستیڤاڵەکەدا دەرکەوت.
سوامی شیف بریماناند، گەورە ڕەبەنی هیندووسەکان گوتی: ئێمە ناتوانین چاوپۆشیی لە ڕۆڵی گرنگ و تایبەتی حکوومەت بکەین کە بووەتە هۆی ڕابوون لەسەرتاسەری وڵاتدا. مودی و یوجی یەکجار دڵسۆزی خواوەندی 'ساننا دارما' ن، ئەوان بۆ بەرژەوەندیی ئێمە کار دەکەن، کەواتە ئاساییە ئێمەش لە بەرژەوەندیی ئەوان کار بکەین.

ناریندرا مودی، سەرۆک وەزیرانی هیندستان لەڕووباری جانج خۆی پاکژ دەکاتەوە