فەهمی بورهان: هیچ بیانووەک نییە بۆ چوونی سووپای عێراق بۆ سەر زەوی جووتیاران

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: پێویستە بە هەموو شێوەیەک ڕێگری لەو ڕەفتارانەی سوپای عێراق بکرێت، کە بەرانبەر جووتیاران کورد ئەنجامی دەدات.
دووشەممە، 17ـی شوباتی 2025، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ئەوەی ئێستا ڕوودەدات بە هیچ شێوەیەک جێگای قبوڵ نییە.
ئاماژەی بەوە دا، کاری سوپای عێراقی نییە بچێتە ناو گوند و سەر زەوییەکانی جووتیاران، ئەم گرژییانە بەردەوام دەبن، ئەگەر خێرا چارەیەکی بۆ نەدۆزرێتەوە،
جەختی لەوەش کردەوە، پارێزگاری کەرکووک و هەردوو فراکسیۆنی پارتی و یەکێتییان لە پەرلەمانی عێراق ئاگادار کردووەتەوە.
فەهمی بورهان، گوتیشی: بە گوێرەی دەستوور پێویستە هێزەکانی ناوخۆ بچنە ئەو شوێنانە و هیچ بیانوویەک نییە بۆ چوونی سوپای عێراق بۆ ئەو شوێنانە.
هەر ئەمڕۆ سوپای عێراق لە گوندی شەناغە، هەوڵیاندا ڕێگریی لە کێڵانی زەویی جووتیارانی کورد بکەن، جووتیارانیش ڕووبەڕوویان بوونەوە و گوێیان بە هەڕەشەکانی سوپا نەدا و دەستیان بە کێلانی زەوییەکانیان کرد.
سوپای عێراق ئاماژە بەوە دەکات، بڕیاریان بۆ هاتووە ڕێگریی لە جووتیارانی کورد بکەن لەوەی زەوییەکانیان بکێڵن، جووتیارانی کوردیش ڕژدن لەسەر ئەوەی کە دەبێت زەوییەکانیان بکێڵن و خاکەکەیان بەجێ نەهێڵن.