نووسینگەی مەسرور بارزانی: ئەم هەڵسوکەوتانەی سوپای عێراق پێچەوانەی دەستوورە

نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی ڕێگری لە جووتیارانی کورد لەلایەن سوپای عێراقەوە دەڵێت: ئەم هەڵسوکەوتانەی سوپا، پێچەوانەی دەستوور و ئەو بنەمایانەیە کە عێراقی نوێی لەسەر بنیات نراوە.
دووشەممە 17ـی شوباتی 2025، نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ سوپای عێراق بۆ جارێکی دیکە لە دەوروبەری کەرکووک و بە تایبەتی گوندی شەناغە و چوار گوندی دیکەی سەر بە شارەدێی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، رێگری لە جووتیارانی کورد کرد بچنە سەر زەوییەکانیان.
لە ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوە دراوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرەوپێشچوون هەبووە لە نەهێشتنی شوێنەواری بڕیارەکانی ڕژێمی پێشوو لە گۆڕینی دیموگرافیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و دەستبەسەرداگرتنی زەوی و موڵکی خەلکی ڕەسەنی ناوچەکە. ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش، مانگی ڕابردوو ، پرۆژەیاسایەکی تایبەت بە گەڕاندنەوەی زەویوزار بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان پەسەند کرد.
نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، ئەم هەڵسوکەوتانەی سوپای عێراق، پێچەوانەی دەستوور و ئەو بنەمایانەیە کە عێراقی نوێی لەسەر بنیات نراوە، چونکە بەکارهێنانی سوپا بۆ ئەم مەبەستانە، پێچەوانەی یاسا و دەستوورە و پێویستە هەرچی زووتر، ئەم هەڵسوکەوتانە کۆتایی پێ بهێنرێت بەر لەوەی لێکەوتەی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە.
دووشەممە 17ـی شوباتی 2025، سوپای عێراق لە گوندی شەناغە، هەوڵیاندا ڕێگریی لە کێڵانی زەویی جووتیارانی کورد بکەن، جووتیارانیش ڕووبەڕوویان بوونەوە و گوێیان بە هەڕەشەکانی سوپا نەدا و دەستیان بە کێلانی زەوییەکانیان کرد.
سوپای عێراق ئاماژە بەوە دەکات، بڕیاریان بۆ هاتووە ڕێگریی لە جووتیارانی کورد بکەن لەوەی زەوییەکانیان بکێڵن، جووتیارانی کوردیش ڕژدن لەسەر ئەوەی کە دەبێت زەوییەکانیان بکێڵن و خاکەکەیان بەجێ نەهێڵن.