سەرۆک بارزانی لە بەرانبەر بەکارهێنانی هێز دژی جووتیاران پەیامێکی ئاراستەی بەغدا کرد

لە بەرانبەر هەڕەشەکانی سوپای عێراق دەرهەق بە جووتیارانی کوردی گوندەکانی سنووری سەرگەڕان، سەرۆک بارزانی پەیامێکی بۆ بەغدا ناردووە و پێیگوتوون، ئیدی ئەم ڕەفتارانەی سوپا بەرامبەر بە جووتیاران مایەی قبوڵکردن نین.
سەرەڕای پەسەندکردنی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعس بۆ دەست بەسەرداگرتنی زەوییە کشتووکاڵییەکانی جووتیارانی کورد، بەڵام ئەمڕۆ دووشەممە 17ـی شوباتی 2025، سوپای عێراق لە گوندی شەناغەی سنووری سەرگەڕان، هەوڵیاندا ڕێگریی لە کێڵانی زەویی جووتیارانی کورد بکەن، بەڵام جووتیاران ڕووبەڕوویان بوونەوە و گوێیان بە هەڕەشەکانی سوپا نەدا.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، بەهۆی ڕووداوەکانی ئەمڕۆی گوندەکانی سەرگەڕان، سەرۆک بارزانی پەیامی بۆ بەغدا ناردووە و پێیڕاگەیاندوون، ئەم ڕەفتارانەی سوپای عێراق بەرامبەر بە جووتیارانی کورد، مایەی قبوڵکردن نین و دژی یاسا و دەستووریشن و دەبێ کۆتاییان پێ بهێنرێت.
هەروەها سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە، هەرچی بۆ پاراستنی مافی جووتیاران پێویست بێت ئەنجامی دەدەن.
پێشتریش شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە جووتیارانی شەناغە کرد و پەیامی سەرۆک بارزانی پێڕاگەیاندن.