ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی: پارتی و یەکێتیی لەسەر زۆربەی تەورەکانی پێکهێنانی حکوومەت ڕێک کەوتون

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی ڕایگەیاند، پارتی دیموکارتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەسەر نزیکەی هەشت بۆ نو تەوەر لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، ڕێک کەوتوون.

سێشەممە 18ـی شوباتی 2025، بڵند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە کۆتا کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی باس لە چۆنیەتی بەڕێوەچوون و ئاستی ڕێککەوتنی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، کراوە."

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی ئاماژەشی دا "کۆبوونەوەکە، بە ئاسێکی باش بەڕێوە چوو، لەسەر بەشی هەرە زۆری تەوەرەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی ڕێک کەوتون کە نزیکەی هەشت بۆ نۆ تەوەرە، تەنیا ئەوە ماوەتەوە کە لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان ڕێک بکەون."

هەروەها گوتیشی: بڕیاریشە لەم هەفتەیەدا لەو بارەیەوە کۆبوونەوە بکرێت. 

بڵند ئیسماعیل، لەبارەی ڕێگریی لە جووتیارانی کوردی سنووری سەرگەڕان گوتی: ئەوەی دوێنێ بەرانبەر جووتیارەکان ڕووی دا هیچی کەمتر نییە لە تەعریب و ڕاگواستنی سەردەمی بەعس."

هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو "پێویستە کورد لە هەموولایەک لە پەرلەمانی عێراق و لە کەرکووک بێنە دەنگ و ڕێگە نەدەن زوڵم لە جووتیارانی ناوچەکە بکرێت."

ئەمە لە کاتێکدایە تاوەکوو ئێستە هەردوو شاندی پارتی ویەکێتی پێنج جار لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ بوونەوەتەوە، دواین جاریش لە 4ـی شوباتى 2025 له‌ هه‌ولێر بوو."

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، هەردوولا ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە و باسیان لەوە کرد "لێكگه‌يشتنى هاوبه‌ش و ڕێككه‌وتنى سه‌ره‌تايى له‌سه‌ر زۆربه‌ى ته‌وه‌ره‌كان هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، هەروەها ئه‌نجامى كۆبوونه‌وه‌كان ده‌خرێته به‌رده‌ستى ليژنه‌ى باڵاى دانووستانكارى هه‌ردوولا، بۆ يه‌كلاكردنه‌وه‌ى پرسەکان."