حەسەن مەجید: دەبینە پارێزەرێکی سەرسەختی جووتیاران

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ڕایگەیاند، دوای زیاتر لە 78 ڕۆژ، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پاڕێزگای کەرکووک کۆبوونەوەی لەبارەی ڕێگریی لە جووتیارانی کورد دەکات. دەشڵێت:  سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانش لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی لە ڕێگەی یاسا و دەستوور ئەو کێشەیە چارە بکرێت.

سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025، حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە هێمن دەڵۆ، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "سەردانی جووتیارەکانمان کردووە بۆ ئەوەی پێیان بڵێین کە ئێمە دەبینە پارێزەرێکی سەرسەختی ئەوان لە چوارچێوەی دەستوردا بۆ ئەوەی چارەیەکی ڕیشەیی بۆ ئەو کێشەیە بکەین."

هەروەها ئاماژەشی دا "لە دوێنێوە کە ئەو ڕێگرییە لە جووتیارانی شەناغە کراوە، ئێمە لەگەڵیان بووینە؛ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانش لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی لە ڕێگەی یاسا و دەستوور ئەو کێشەیە چارە بکرێت."

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی :دوای زیاتر لە 78 ڕۆژ، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبوونەوە لەبارەی ڕێگریی لە جووتیاران دەکات، بەڵام ئێمە بەشداری کۆبوونەوەکەمان نەکرد، چونکە سەردانی جووتیارەکانمان بەلاوە گرنگتر بوو.

هەروەها باسی لەوەش کرد "هەوڵ دەدەین لە ئەنجوومەن کۆدەنگییەک لەو بارەیەوە دروست بکەین؛ داواش لە جووتیاران دەکەم دان بە خۆیاندا بگرن تاوەکوو چارەیەکی گونجاوی بۆ بکەین."

حەسەن مەجید، هۆکاری وەستانی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنەکەی خستە ڕوو و گوتی: بەهۆی ئەوەی یەکێک لە ئەندامی ئەنجوومەنەکە ئامادەی کۆبوونەوەکان نەدەبوو، لەبەر ئەوی هەندێک داواکاریی خۆی هەبوو، کە دیارە داواکارییەکانی جێبەجیێ کراوە، لەمەولا بەشداریی کۆبوونەوەکان دەکات.