بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ: هەر پاڵاوگەیەک چارەی پاشماوەکانی نەکات ڕێکاری بەرانبەر دەگیرێتە بەر

سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025، قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ لەگەڵ هێزە تایبەتەکان لە ئاسایش و پۆلیس بەدواداچوونیان بۆ ئەو پاڵاوگانە کرد کە پێشتر ئاگادار کرابوونەوە لە پابەندبوون بە ڕێنماییەکان و نەمانی ئەو سەرپێچیانەی کە هەیانبووە.

 مەسعود نووری، بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ، بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند "دوای بڕیارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر دۆخی ژینگەی هەولێر، ئێمە دەستمان بە جێبەجێکردنی ڕێکارەکان کرد بۆ ئەوەی بە سێ قۆناغ ئەو پاڵاوگانە ڕێک بخەینەوە."

ئاماژەی بەوەش کرد "دوای بەدواداچوونەکانمان، دەرکەوت بەشیک لەو پاڵاوگانە، پاڵاوگەی دووەمیان لەناو پاڵاوگەکاندا داناوە، کە بەرهەمی قورسیان بەرهەم دەهێنا، بەهۆی تێزاب و کۆستیک و کۆمەڵێک ماددەی کیمیایی خراپ، بەرهەمێکی کوالیتیی خراپیان بەرهەم دەهێنا، بۆ ئەوەی قازانجێکی زۆر بکەن، بەرهەمەکانیش بۆ ئۆتۆمبیل و مووەلیدەی ماڵان بوو، کە بۆن و پیسیەکی زۆری بڵاو دەکردەوە."

گوتیشی: لە قۆناغی یەکەم ئەمانەمان هەموو داخست، ئێستا ئەو دوو پاڵاوگانە نەماون و بەردەوامیش چاودێرییان دەکەین، هەروەها قۆناغی دووەم، لەسەر ئەو فلێرەی پاڵاوگەکان بوو کە بەشی زۆریان بەهۆی خەرجییەوە پێیان نەدەکرد، ئەوانیشمان کۆنترۆڵ کرد، چونکە کارکردنی ئەو فلێرانە دەبێتە هۆی سووتاندنی غاز و بۆنییش بڵاو ناکاتەوە و دووکەڵیشی کەمترە."

دەشڵیت: قۆناغی سێیەم کە قۆناغی کۆتاییە دەربارەی ئەو بابەتە، ئەو پاڵاوگانە پاشماوەیان هەبوو، کە پاشماوەکان دەڕژانە جۆگەکان و بڵاو دەبوونەوە، بەتایبەتی لەکاتی باراندا بەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان بڵاو دەبوونەوە و بۆنیشیان هەبوو، بۆیە هەمووانمان بە فەرمیی ئاگادار کردووەتەوە کە چارەی ئەو پاشماوانە بکەن. ڕاشیگەیاند "لە ئەمڕۆوە ئێمە بەدواداچوون دەکەین کە هەر پاڵاوگەیەک پابەند نەبێت، ڕێکاری توندی بەرانبەر دەگیرێتە بەر."

جەختیشی کردەوە، ئەوەی پێویست بێت لەناو پاڵاوگەکانی ئەو سنوورە کراوە، ئەویش نەهێشتنی بۆن و کەمکردنەوەی دووکەڵ، چونکە ئەوانەی لەو ناوچەیە دەژین هەست دەکەن بۆنی نەماوە.

پێشتر ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاندبوو "نزیکەی 138 پاڵاوگە لە سنووری پاریزگای هەولێر هەیە، کە پێویستان بەوەیە پشکنینیان بۆ بکرێت، کە لەئەنجامدا بەشێکیان داخران و بەشێکیان مۆڵەتی 10 ڕۆژیان پێ درا بۆ ئەوەی ڕێکارەکان بگرنەبەر و سەرپێچییەکان چاک بکەن."