سەرۆکی گەنجینەی گشتیی ڕووسیا: ترەمپ پیاوی چارەکردنی کێشەکانە

سەرۆکی گەنجینەی گشتیی ڕووسیا بەر لە دەستپێکردنی کۆبوونەوەی شاندی ئەمەریکا و ڕووسیا، ستایشی دۆناڵد ترەمپی کرد و بە پیاوی چارەسەری کێشەکان ناو دەبات.
ئەمڕۆ سێشەممە 18ـی شوباتی 2025، کیرلی دیمیتریڤ، سەرۆکی گەنجینەی گشتیی ڕووسیا ڕایگەیاند "ئێمە، ترەمپ و تیمی دانوستانکارەکەی لە سعوودیە وەکوو چارەسەری کێشەکان دەبینین، کە پێشتر بە شێوەیەکی خێرا و کاریگەر و سەرکەوتووانە ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکان بوونەتەوە."
هەروەها گوتی: دەبێت لەوە تێبگەین کە ئەمەریکا نزیکەی 300 ملیار دۆلاری لەدەست داوە لەو کاتەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا پچڕاندووە.
هاوکات کیرلی دیمیتریڤ، بە ئەندازیاری پەیوەندییەکانی دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتین دادەنرێت لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025، دانوستانەکانی ئەمەریکا و ڕووسیا لە کۆشکی درعییە، لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەستی پێ کرد.
شاندەکەی ئەمەریکا پێک هاتووە لە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، مایک والتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شاندەکەی ڕووسیاش پێکهاتووە لە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و ڕاوێژکاری دیپلۆماسیی کرێملن، یوری ئۆشاکۆف، هاوکات شازادە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودیەش لە کۆبوونەوەکەدا بەشدارە.