مارکۆ ڕوبیۆ: ترەمپ ڕژدە لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند: تاکە سەرکردە بتوانێت هەمووان کۆبکاتەوە و جەنگ ڕاگرێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکایە.

سێشەممە 18ـی شوباتی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی ڕووسیا لە ڕیاز، گوتی:  تاکە سەرکردە لە جیهان بتوانێت جەنگ ڕاگرێت و تەواوی لایەنەکان بۆ گفتوگۆی ڕژد کۆبکاتەوە، سەرۆک ترەمپە. بۆ ئەوەی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا بەشێوەیەکی دروست کۆتایی بێت، دەبێت هەردوو وڵات بە رێککەوتنەکە قایل بن.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی ئەم کۆبوونەوەی ئەمڕۆشمان دوا بە دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی هەردوو سەرۆکی ئەمەریکا و ڕووسیا، بۆ دامەزراندنی کەناڵی پەیوەندییە، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ.

هاوکات دەشڵێت: لەگەڵ ڕووسیا رێکەوتین بەرژەوەندیی یەکتر لەبەر چاو بگرین و پێویستە باڵیۆزخانەکانمان لە وڵاتی یەکدی چالاک بکەینەوە.

گوتیشی: ئەمەریکا پابەندە بە بەردەوامی دانوستانەکانی لەگەڵ ڕووسیا، هەروەها دانوستانەکانی ڕیاز یەکەمین هەنگاوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا.

سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025، دانوستانەکانی ئەمەریکا و ڕووسیا لە کۆشکی درعییە، لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا کۆبوونەوە.

شاندەکەی ئەمەریکا پێکهاتبوون لە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، مایک والتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شاندەکەی ڕووسیاش پێکهاتبوون لە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و ڕاوێژکاری دیپلۆماسیی کرێملن، یوری ئۆشاکۆف، هاوکات شازادە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودیەش لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوو.

هەفتەی ڕابردوو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، لەسەر سازدانی کۆبوونەوەکە ڕێککەوتن.