ئەردۆغان: ئاسۆیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا هەیە

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سه‌رۆكانی توركیا و ئۆكرانیا
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سه‌رۆكانی توركیا و ئۆكرانیا

سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند: ئاسۆیەک هەیە بۆ کۆتاییهێنانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، تورکیا بۆ هەر جۆرە دانوستانێکی گشتگیر لەپێناو کۆتاییپێهێنانی شەڕ ئامادەیی خۆی دەربڕیوە.

سێشەممە 18ـی شوباتی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لەمیانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، گوتی: جەنگ براوەی نییە، ئاشتیش شکستیخواردووی نییە، لە یەکەم ڕۆژی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیاوە هەوڵێکی زۆرمان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی ئاشتی بەرقەرار بێت.

سەرۆک کۆماری تورکیا، ئاماژەی بەوە کرد،  لە سێ ساڵی ڕابردوودا لە هەموو ئاستێکی جیاوازدا لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیا دەستپیشخەریمان هەبووە، هەوڵمانداوە ببین بە نێوەندگیرێکی متمانەپێکراو بۆ هەردوولا.

باسی لەوەش کرد، کاتێک سەیری دیپلۆماسیی چالاکانەی سێ ساڵی ڕابردووی وڵاتەکەمان دەکەین، دەبینین وڵاتەکەمان خاوەن ماڵێکی گونجاوە بۆ هەر کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی ئەمەریکا، ئۆکرانیا و ڕووسیا کە ئەگەر هەیە لە قۆناغی ئاییندەدا بەرێوەبچن.

ئەردۆغان، گوتیشی: لایەنی ئۆکرانیش پێی وایە تورکیا لە شەڕی رووسیا ئۆکرانیا خاوەن بنەمای نەگۆڕ بووە، دەشڵێن، لەهەموو لایەک زیاتر ویستیان لە کۆتاییهێنانی شەڕەکە هەیە.

 ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا

لای خۆیەوە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ڕایگەیاند: سوپاسی تورکیا دەکەین، هەمیشە پاڵپشتیکارمان بووە، تورکیا جەختی لە یەکپارچەیی و سەروەریی خاکی ئۆکرانیا کردووەتەوە و ئەم پرسەی بە بنەما وەرگرتووە.

سەرۆکی ئۆکرانیا، دەڵێت: ئەگەر دانوستانەکانی ڕاگرتنی شەڕ لەنێوان ئەمەریکا، ئەورووپا و ئۆکرانیا هەبێت، پێویستە تورکیاش لەو مێزە هەبێت.

گوتیشی: ئێمە لە هەموو کەسێک زیاتر دەمانەوێت ئەو شەڕە بە خێراترین شێوە کۆتایی پێبێت، نابێت بیر لە کۆتاییهێنانی شەڕەکە بکرێت بێ ئەوە باسی ئۆکرانیا بکرێت.

تورکیا لە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕۆڵێکی کاریگەریی گێڕاوە و ئەنجامیشی بەدەست گەیشتووە وەک ڕێککەوتننامەی هەناردەکردنەوەی دانەوێڵە.

سەردانەکەی زێلێنسکی لە کات و ساتێکی هەستیاردا و لەهەمان کاتدا ڕووسیا و ئەمەریکا یەکەم کۆبوونەوەی ئاست باڵایان لە ریاز کرد، چاوەڕێ دەکرێت تا ئاییندەیەکی نزیک، شەڕی ئۆکرانیا و رووسیا ببێت بەشێک لە مێژووی رەشی جەنگ.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سه‌رۆكانی توركیا و ئۆكرانیا

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 17ـی شوباتی 2025، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، گەیشتە ئەنقەرە.

دوایین کۆبوونەوەی زێلینسکی و ئەردۆغان، ڕۆژی هەینی، 7ی تەممووزی 2023، لە تورکیا کرا.