گوندێک بۆ گەڕانەوەی لەقلەقەکان فێستیڤاڵ ساز دەکات

گوندی دەرەتفێ لە نزیک دەریاچەی زرێباری مەریوان هەڵکەوتووە، چەند ساڵێکە بە هەوڵی دانیشتووانی ئەم گوندە بووەتە ژینگە سەدان لەقلەق کە هەموو ساڵێ لە کۆتاییی زستان و سەرەتای بەهاردا ڕوو لەم گوندە دەکەن و چەند مانگێک لەوێ دەمێننەوە، دانیشتووانی گوندەکەیان دڵخۆش کردووە و ئەمساڵیش وەک دوو ساڵی ڕابردوو، بۆ پێشوازی لە گەڕانەوەی لەق لەقەکان، فێستیڤالێکی کولتووری و هونەرییان بەڕێوە برد.
ئەمە سێهەم فێستیڤالی پێشوازی لە لەق لەقکانە کە لە گوندی دەرەتفێی سەر بە شاری مەریوان بەڕێوە دەچێت، ئەم گوندە چەند ساڵێکە بووەتە زێدی سەدان لەقلەق کە لە دوایین مانگی زستانەوە دەگەڕێنەوە ئەم ناوچەیە، تا کۆتایی هاوین لەم گوندە دەمێننەوە، دانیشتوانی گوندەکەش ئەوە سێ ساڵە لە دوایین رۆژی مانگی ڕێبەنداندا بە رێکخستنی فێستیڤالێک پێشوازی لە گەڕانەوەی لەقلەقەکان دەکەن.
هاووڵاتییەک بە کوردستان24 دەڵێت: هەموو ساڵێک پێشوازی لە لەقلەقەکان دەکەین و ئەوانیش ماڵی بوون.
هاووڵاتییەکی دیکە گوتی: شتێکی زۆر جوانە و جێگای دڵخۆشییە، هیوادارین لە تەواوی ناوچەکانی کوردستان، ڕێز لە ژینگە و ئاژەڵ بگرن.
هاووڵاتییەکی دیکە گوتی: لەقلەقەکان وایان کردووە هاووڵاتیانی ناوچەکانی دیکە ڕووبکەنە ئەم گوندە و ئێرە بناسن، بۆ ئەوەی بزانن کورد مرۆڤێکی ژینگە دۆست و ئاژەڵ دۆستە، لە ڕووی ئابووریشەوە زۆر باشە بە ڕێژەی 1 بە 80 بۆ بەنزینخانەکان، مارکێتەکان و هۆتێلەکان.
لە سێهەم فێستیڤالی پێشوازی لە لەقلەقکان جیا لە مۆسیقا و هەڵپەڕکێی کوردی چەندان شیعر و وتاریش لەسەر پێویستیی پاراستنی ژینگە و پەلەوەر و ئاژەڵەکان پێشکەش کرا. بەم شێوەیەش گوندێکی بچووک لە نزیک دەریاچەی زرێباری مەریوان، بووەتە قوتابخانەی ژینگەپارێزی و ژیانخۆشەویستی لە ئاستی هەموو ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.