لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو پڕۆژەیاسای بودجە دەنێردرێتە پەرلەمان

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پڕۆژەیاسای بودجە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو دەنێردرێتە پەرلەمان.

سەبارەت بەم پرسە، عودەی عەواد، سەرۆکی لیژنەی دارایی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، ناردنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ پەرلەمان بۆ 15ـی تشرینی دووەم دواخراوە.

پێشتر عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانیکردبوو سەرجەم گرێبەستەکان و فەرمانبەرانی گرێبەستی رۆژانە بکرێنە سەر میلاک و 120 هەزار پلەی وەزیفی لە چوارچێوەی بودجەی 2027ـدا دابین بکرێت. ئەو بڕیارە سەرجەم توێژەکان دەگرێتەوە.

سەبارەت بە دابەشکردنی پلە وەزیفییەکان، ئەو پلە وەزیفییانە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بەپێی رێژەی دانیشتووان بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکرێن.

هاوکات، حکوومەتی عێراق سەکۆیەکی تایبەت بۆ دامەزراندن دەکاتەوە، بەو مەبەستەی دادپەروەری لەنێوان پێشکەشکاراندا زامن بکرێت.

6ـی تشرینی یەکەمی 2026، کوردستان24 وەک یەکەم میدیا رەشنووسی بودجەی 2027ـی عێراقی بڵاوکردەوە، کە بەپێی رەشنووسی پڕۆژەیاساکە حکوومەتی عێراق خەرجییە گشتییەکانی بە 217 ترلیۆن دینار و داهاتەکانی بە 174 ترلیۆن دینار خەمڵاندووە و پشکی هەرێمی کوردستانیش کەمکراوەتەوە، هەروەها سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: بەم شێوازەی ئێستا دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجە نادەین.

ئەمە لە کاتێکدیە قەبارەی گشتیی بودجە و داهاتەکان گۆڕانکارییان بەخۆیانەوە بینیوە، نیگەرانی و سەرنجەکان لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان چڕ بوونەتەوە؛ بە جۆرێک کە جگە لە تەرخانکردنی بودجەی تەشغیلی، هیچ بڕەپارە یان پڕۆژەیەک بۆ دامەزراندن و پەرەپێدانی هەرێم لە رەشنووسەکەدا دیاری نەکراوە.

 پەیوەست بە هەرێمی کوردستان، تەنیا بودجەی تەشغیلی نووسراوە کە ئەویش کەمترە لەوەی بەشی تەواوی مووچە بکات و کەمترینی پێنج ساڵی رابردووە. 

پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیدا 13.308 ترلیۆن دینارە. ئەمەش لە کاتێکدایە ئەو بڕە لە ساڵی 2023ـدا 16.498 ترلیۆن دینار بووە، واتە بە رێژەی 19.3% کەمی کردووە. هەروەها لە ساڵی 2021ـدا 11.482 ترلیۆن دینار بووە.

رێژەی ئەو بڕە پارەیەی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە لە کۆی گشتیی خەرجییەکان 6.1%ـە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2023ـدا 8.3% و لە ساڵی 2021ـدا 8.8% بووە. سەبارەت بە بودجەی وەبەرهێنان، بڕەکەی 0.499 ترلیۆن دینارە، بەرامبەر بە 2.784 ترلیۆن دینار لە ساڵی رابردوودا. هاوکات بڕی نەوتی هەرێمی کوردستان کە لە داهاتەکاندا جێگیر کراوە، وەک ساڵی 2023 بە 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا ماوەتەوە، هەر چەندە لە دوای هێرشەکانەوە ئەو بڕە نەوتە لە هەرێمی کوردستان هەناردە ناکرێت.