بەرگریی شارستانیی هەرێم هەڵمەتێکی هۆشیاری دەست پێ کردووە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان لە ناوەندەکانی خوێندن، هەڵمەتێکی پێدانی هۆشیاریی خۆپاراستن و سەلامەتیی لە کاتی ڕووداو و  ئاگرکەوتنەوەکان بە قوتابیان دەست پێ کردووە.

چوارشەممە، 19ـی شوباتی 2025، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگری گشتیی شارستانیی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ساڵانە لە وەرزی خوێندن دا، لەسەر فەرمانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانی، هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بەڕێوە دەچێت، هەر لە باخچەی ساواییان و قوتابخانە بنەڕەتییەکان تاوەکوو دەگاتە قۆناغی ئامادەیی.

گوتیشی: تاوەکوو ئێستاش هەڵمەتەکە بەردەوامە، بەشێوەی زارەکی و کرداری ڕێنمایی بە قوتابییان دەدرێت، لە چۆنیەتی کۆنترۆڵکردنی ئەو ڕووداوانەی لەنێو قوتابخانە یان لە ماڵەوە ڕوو دەدەن و چۆنیەتی خۆپاراستن و سەلامەتییان.

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێم، باسی لەوەش کرد، لە هەر نۆ بەڕێوەبەراتییەکان ئەم هەڵمەتە هەیە و بەشێوەی زانستی و کردەیی زانیارییان پێ دەدرێت.