زێلێنسکی: ترەمپ زانیاری هەڵەی لە ڕووسیا وەرگرتووە

سەرۆکی ئۆکرانیا لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی پێشبینی ڕێژەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی داهاتووی وڵاتەکەی و تۆمەتبارکردنی ئۆکرانیا بە جەنگ لەگەڵ ڕووسیا دەڵێت: ئەم لێدوانانە لە زانیارییە هەڵەکانی ڕووسیاوە سەرچاوەی گرتووە.
دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، حکوومەتی ئۆکرانیای بە هۆکاری لەشکرکێشی سوپای ڕووسیا بۆ وڵاتەکە تۆمەتبار کرد. چوارشەممە 19ی شوباتی 2025 ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا وەڵامی سەرۆکی ئەمەریکا دایەوە و گوتی: هیوادارم ترەمپ و تیمی دانوستانی ئەمەریکا ڕاستیی زیاتر لە بارەی ئۆکرانیا بزانن.
هەروەها سەرۆکی ئۆکرانیا لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ ڕەت دەکاتەوە کە گوتبووی: ڕێژەی سەرکەوتنی زێلێنسکی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی داهاتووی وڵاتەکەی %4 دەبێت. سەرۆکی ئۆکرانیا دەڵێت: هەڵسەنگاندنی دۆناڵد ترەمپ لە زانیارییە هەڵەکانی ڕووسیاوە سەرچاوەی گرتووە.
ئاماژەشی داوە "هەر هەوڵێک بۆ دانانی شوێنگرەوەی ئەو شکست دەهێنێت."
سەرۆکی ئۆکرانیا باسی لەوەش کردووە "ئاگادارن کە ئەو باسە لە نێو دانوستاندنەکانی شاندی ڕووسیا و ئەمەریکا تاوتوێ کراوە."
پێشتر، ترەمپ داوای کردبوو هەڵبژاردن لە ئۆکرانیا بکرێت، ڕووسیاش پێشوازیی لە داواکەی سەرۆکی ئەمەریکا کردبوو.