ترەمپ ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێس قەدەغە دەکات

دۆناڵد ترەمپ، ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێس لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانییەکەی قەدەغە دەکات، بەهۆی ئەوەی ئاژانسەکە هێشتا لە هەواڵەکانیاندا دەستەواژەی کەنداوی مەکسیک لە جیاتی کەنداوی ئەمەریکا، بەکار دەهێنن، ئاژانسەکەش دەڵێت:بەردەوام دەبێت لە ناوهێنانی کەنداوی مەکسیک.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند "تاوەکوو ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێس، واز لە بەکارهێنانی ناوی کەنداوی مەکسیک نەهێنێت، لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی خۆی لە ئۆفیسی سەرەکی و فڕۆکەی ئەیر فۆرس وەنی سەرۆکایەتیی قەدەغە دەکات."
هەفتەی ڕابردوو کۆشکی سپی ئاژانسەکەی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکانی دوور خستەوە بەو بیانووەی زانیاری ناڕاستی بڵاو کردووەتەوە.
لای خۆشیەوە لۆرن ئیستۆن، گوتەبێژی ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێس، ڕایگەیاند "بەردەوام دەبین لە بەکارهێنانی ناوی کەنداوی مەکسیک، چونکە زیاتر لە 400 ساڵە بەوە ناو دەهێنرێت."
گوتیشی: ئەوە دەچێتە چوارچێوەی ئەوەی کە فەرمان بە میدیا و ڕۆژنامەنووسان بکرێت لەوەی کامە دەستەواژە و چەمک بە کار بهێنیت.
هەریەک لە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز و چەند ئاژانسی دیکە پشتگیریی خۆیان بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێیتد پرێس دەربڕی و ڕایانگەیاندووە ئەوانیش ناوی کەنداوی مەکسیک بە کار دەهێنن.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمەریکا، بڕیاری ناوی کەنداوی مەکسیک بۆ کەنداوی ئەمەریکا بگۆڕێت و بڕیارەکەش بە فەرمی چووتە واری جێبەجێ کردنەوە.