سێرگی ڕودسکۆی: ڕووسیا 800 کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە کۆرسک ئازادکردەوە

سەرباری هەوڵەکان بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ لە سەردەمی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا، ڕووسیا لە نوێترین پێشهاتدا، 800 کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە کۆرسک ئازادکردەوە کە ئۆکرانیا لەنێو خاکی ڕووسیا دەستی بەسەرداگرتبوو لەڕۆژانی شەڕدا.
پێنجشەممە 20ـی شوباتی 2025، سێرگی ڕودسکۆی، سەرۆکی کاروباری مەیدانی دەستەی ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی رووسیا ڕایگەیاند: سووپای وڵاتەکەی 800 کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە ناوچەی کۆرسک ئازاد کردووەتەوە.
ڕودسکۆی بە ڕۆژنامەی گراسنایا زفزدای سەر بە وەزارەتی بەرگریی ڕووسیای ڕایگەیاند: ئەو 800 کیلۆمەترەی لە کۆرسک بەدەستیان هێناوەتەوە، لە چوارچێوەی سەدا 64ـی ئەو خاکەیە کە ئۆکرانیا پێشتر داگیری کردبوو.
سێرگی ڕودسکۆی، سەرۆکی کاروباری مەیدانی دەستەی ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی رووسیا ئاماژەی بەوە کردووە، ئێستا لەهەموو بەرەکان، سووپای ڕووسیا بەرەو پێشەوە دەڕوات و هێزەکانی ئۆکرانیا لە هەموو بەرەکان شکستیان هێناوە و زیانی گەورەیان بەرکەوتووە، هاوکات ئەو خاکانەی داگیریان کردبوو، لەدەستی دەدەن.
ئەو فەرماندە سەربازییەی ڕووسیا ئاشکرای دەکات، لەگەڵ ئەوەی هێزەکانی ئۆکرانیا تەواوی ئامادەیی سەربازییان کردووە، بەڵام دووچاری زیانی گەورە بوونەتەوە، دەڵێت: هێزەکانی ئۆکرانیا توانیان لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو بچنە نێو کۆرسک و 1268 کیلۆمەتر چوارگۆشە لەو ناوچەیە داگیر بکەن.
ئاشکراشیکرد، لەماوەی 6 مانگ و نیودا، هێزەکانی ئۆکرانیا 62 هەزار سەربازیان لەدەستداوە، 5.6 هەزار یەکەی چەک و پێویستییە سەربازییەکانیشیان لەناوچوون.
دوای هێرشە فراوانەکەی سوپای رووسیا لە 24ی شوباتی 2022 بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا، جەنگ لەنێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دەستیپێکردوو زیاتر لە سێ ساڵە جەنگەکە بەردەوامە، بە هەوڵی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، هەردوو لایەنی ئۆکرانیا و ڕووسیا دەیانەوێت ئاگربەست ڕابگەیەنن و کۆتایی بە جەنگ بێنن، لەسەر ئەو بنەمایەش، سێشەممەی ڕابردوو 18ـی شوباتی 2025، شاندی ڕووسیا بە سەرۆکایەتی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوە و شاندی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی مارک ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوە لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکەش هەردوو وەزیر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ڕێکخست.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا گوتی: لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ شاندی ئەمەریکی، باسمان لە چالاککردنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتن کرد، هاوکات باسمان لە پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ ئەمەریکا و ڕێگەکانی گەیشتن بە چارەسەری کێشەی ئۆکرانیا کرد، هەروەها ڕێککەوتین زەمینە بۆ گەڕاندنەوەی تەواوی هاوکارییەکان بڕەخسێنین، سەرباری زەمینەسازیی بۆ کۆبوونەوەی پوتن و ترەمپ.