وەزیری بەرگریی بەریتانیا: بەبێ ئۆکرانیا هیچ دانوستانێک ناکرێت

وەزیری بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند، کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە بەرژەوەندی ئەمەریکا و ئەورووپا دایە، دەشڵێت، بەبێ ئۆکرانیا هیچ دانوستاندنێک ناکرێت ئەوەی لە سعوودیە کراوە تەنیا گفتوگۆ بووە.

پێنجشەممە 20ـی شوباتی 2025، جۆن هیلی، وەزیری بەرگریی بەریتانیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە دانیمارک ڕایگەریاند، بەرژەوەندیی ئەمەریکا و ئەورووپا لە یەکگرتووی ناتۆ و کۆتاییهێنانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا دایە.

وەزیری بەرگری بەریتانیا  لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، ڕەت دەکاتە و کە گوتبووی "پوتین هەموو کارتەکانی بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی ئاشتییەوە لەبەر دەستە، چونکە ئەو بەشێکی زۆری لە ناوچەکانی ئۆکرانیای کۆنترۆڵ کردووە."

وەزیری بەرگری بەریتانیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، ئەگەر ڤلادیمێر پوتین سوپاکەی لە ئۆکرانیا بکشێنیێتەوە جەنگ کۆتایی پێدێت.

ئەو وەزیرەی بەریتانیا گوتیشی: پوتین دەیەوێت ئەورووپا و ناتۆ دابەش بکات، بەڵام لەو کاتەی ئەو هێرشی کردووتە سەر ئۆکرانیا هەریه‌ک لە سوید و فینلەندا بوونەتە ئەندام لە ناتۆ.

لەبارەی کۆبوونەوەی شاندی ڕووسیا و ئەمەریکا لە ڕیاز ڕایگەیاند، هیچ دانوستاندنێک لە بارەی کۆتاییهێنان بە جەنگیی ئۆکرانیا و رووسیا تاوەکوو ئێستا نەکراوە، ئەوەی کراوە تەنیا گفتوگۆکردن بووە، چونکە هیچ دانوستانێک بەبێ ئۆکرانیا ناکرێت.

هەروەها لەبارەی ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بە زێلێنسکی گوتبوو "دیکاتۆر" ڕایگەیاند، زێلێنسکی لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە بووه‌تە سەرکردەی ئۆکرانیا. 

لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردن لە ئۆکرانیا وەزیری بەرگری بەریتانیا، ڤۆلۆدمێر زێلێنسکی بە وینستن چێرچڵ، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا بەراورد دەکات، بەوەی چێرچڵیش لە ساڵی 1940 بەهۆی جەنگەوە هەڵبژاردنی گشتی دواخستبوو.