پسپۆرێکی خۆراک: سوودەکانی پەنیر و ژاژی سەرسوڕهێنەرن
پەنیر و ژاژی سروشتی کوردی کە لە شیری کاڵی مەڕ، بزن، یان مانگا دروست دەکرێت و لە وەرزی ئێستادا، خواستێکی زۆری لەسەرە، بە تایبەتی بۆ نانی بەیانیان. پزیشکێکی پسپۆڕی خواردنیش دەڵێت: سوودەکانیان سەرسوڕهێنەرن.
هەینی، 21ـی شوباتی 2025، د. بەدر قادر سورچی، پزیشک و پسپۆڕی تایبەتی خواردن، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: پەنیری کوردی، سەرچاوەیەکی نایابی پڕۆتینە، پێویستە بۆ دروستکردن و چاککردنەوەی ماسولکەکان، دەوڵەمەندە بە کالیسیۆم، زۆر گرنگە بۆ پاراستنی ئێسک و ددانەکانیش بەهێز دەکەن.
بەدر سورچی، گوتیشی: پەنیری کوردی پاڵپشتی تەندروستیی ئێسک دەکات، ڕێژەی بەرزی کالیسیۆم لە پەنیردا یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی بەهێزی ئێسک و ڕێگری لە پووکانەوەی ئێسک. بەو مەرجەی سوێر نەکرابێ. خواردنی بەردەوامی پەنیر، لەوانەش پەنیری کوردی، یارمەتیدەرێکی باشە بۆ دابەزاندنی پەستانی خوێن، ئەوەش بەهۆی ئەو ڕێژە پۆتاسیۆمەی کە هەیەتی.
ئاماژەی بەوەش کرد: ئەو گیایەی بەناوی سیابۆ بۆ ئەو جۆرە پەنیرە سەدان ساڵ درووست دەکرێ و تا ئێستاش بەردەوامە و بەتایبەت لە نێو هۆزەکانی ناوچە کوێستانییەکان، یەکێکە لە خواردن و بەرهەمە خۆماڵیە گرنگەکان. چەندان سوودی گرنگی ھەیە، لەوانە: ئەو ڕووەکە بۆ چارە کردنی چەندان جۆری نەخۆشی دەخورێت، بە چارەسەری هەر جۆرە نەخۆشییەک ناسراوە بەتایبەتی چارەسەری ڕۆماتیزم، دڵەکزە ناھێلێ، تایبەتمەندی دژە هەوکردنی هەیە، بۆ هاوسەنگکردنی پەستانی خوێن و بۆ شەکرەش بەکار دەهێنرێت، هەروەها ڕیخۆڵەش بە تەندروست دەھێلێتەوە.