سبەی ئیسرائیل 800 دیلی فەڵەستین ئازاد دەکات

بەرامبەر ئازادکردنی 6 بارمتەی وڵاتەکەی، ئیسرائیل بڕیاریداوە سبەی شەممە 800 دیلی فەڵەستین ئازاد بکات.

بڕیارە سبەی شەممە 22ـی شوباتی 2025، ئیسرائیل 800 دیلی فەڵەستینی ئازاد بکات، لە بەرامبەر ئازادکردنی 6 بارمتەی وڵاتەکەی بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ حەماس کردوویەتی بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەستی غەززە، ئازادکردنی ئەو 6 بارمتە لە کاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە بزووتنەوەی حەماس 4 تەرمی لەڕێگەی خاجی سووری نێودەوڵەتییەوە ڕادەستی ئیسرائیل کردەوە، سێ لەو تەرمانە هی خانەوادەی بیباسن، وەک گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماسیش ڕایگەیاند: خانەوادەی بیباس بەهۆی بۆوردوومانی فڕۆکەکانی ئیسرائیل کوژران، لەگەڵ ئەوەی ژیانی ئاسایی خۆیان بەڕێدەکرد لەژێر دەسەڵاتی بزووتنەوەی حەماسدا.

بەپێی زانیارییەکان، 51 دیل لەو 800 دیلەی ئیسرائیل ئازادیان دەکات، بە زیندانی هەمیشەیی سزادراوبوون، 59 دیلی دیکەش لەوانەن کە سزای توندیان بەسەردا سەپێندرابوو،هەروەها 200 ژن و منداڵی کەرتی غەززەن، 445 دەستگیرکراوی کەرتی غەززەش لەنێویاندان کە بەم دواییانە دەستگیر کراون، لەگەل ئەو 47 دیلەی کە جارێک ئازادکراون و دووبارە دەستگیر کراونەتەوە.

ئەمڕۆ هەینی 21ـی شوباتی 2025، سووپای ئیسرائیل ڕایگەیاند:پێشبینی ئەوە دەکەن پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی دیل و بارمتەکان بەردەوام بێت وەک ئەوەی پلانی بۆ داندراوە.

پێنجشەممە، 20ـی شوباتی 2025، حەماس تەرمی چوار بارمتەی ئیسرائیلی ڕادەستی خاچی سوور کرد. بە گوێرەی پێگەی سی ئێن ئێن، حەماس تەرمی شیری بیباس، تەمەن 32 ساڵ لەگەڵ هەردوو منداڵەکەی ئەرییلی 4 ساڵان و کیفیری 9 مانگە، ڕادەست کردەوە.