مایک واڵتز: هەرگیز ڕێگە بە حەماس نادەین حوکمی غەززە بکاتەوە

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا، ڕایگەیاند: بەهۆی ترەمپەوە ئاگربەست لە غەززە ڕاگەیەندراوە. گوتیشی: هەرگیز ڕێگە بە حەماس نادەین حوکمی غەززە بکاتەوە.
هەینی 21ـی شوباتی 2025، مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: هەرگیز ڕێگە بە ئێران نادەین ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
باسی لەوەش کرد، بەهۆی ترەمپەوە ئاگربەست لە غەززە ڕاگەیەنراوە، هەروەها ئێمە ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە بەرقەرار دەکەین.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا، دووپاتی کردەوە، هەرگیز ڕێگە بە حەماس نادەن حوکمی غەززە بکاتەوە. گوتیشی: ترەمپ کۆتایی بە جەنگی ئۆکرانیا و شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهێنێت.

"زێلێنسکی بەم زووانە واژۆ لەسەر ڕێککەوتنێک دەکات"
واڵتز دووپاتی کردەوە، ئۆکرانیا لە ئاییندەیەکی زۆر نزیکدا، ڕێكکەوتنێک لەگەڵ واشنتن لەبارەی کانزا دەگمەنەکانەوە واژۆ دەکات، ئەمەش کارێکی زۆر باشە بۆ ئۆکرانیا.
لە سەرەتای مانگی شوباتی ئەم ساڵدا، ترەمپ ڕایگەیاندبوو، کە دەیەوێت دانوستان لەسەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئۆکرانیا بکات بۆ دەستگەیشتن بە 50%ـی کانزا دەگمەنەکانی وڵاتەکە، لە بەرانبەر ئەو هاوکارییانەی کە ئەمەریکا پێشکەشی ئۆکرانیا کردووە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، زێلێنسکی پێشنیازی ئەمەریکای لەبارەی ڕێککەوتنەکە ڕەتکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە، کە ڕێککەوتنەکە ئەو گەرەنتییە ئەمنییانە لەخۆ ناگرێت، کە وڵاتەکەی بۆ ماوەی سێ ساڵە لە جەنگ لەگەڵ ڕووسیا بە دوایدا دەگەڕێت، بەڵام دەرگای بە کراوەیی بە ڕووی وەبەرهێنانی ئەمریکیدا لەم بوارەدا جێهێشت.