ئەمڕۆ شاندی باڵای پارتی و یەکێتی لە سلێمانی کۆدەبنەوە

جارێکی دیکە شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆدەبنەوە.

بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، 22ـی شوباتی 2025، شاندنی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری سلێمانی کۆببنەوە.

لە کۆبونەوەکەدا شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی تاوتوێ ئەو ڕەشنووسە دەکەن کە لەلایەن لیژنەی هاوبەش هەردوولا وەک بەرنامەی کاری کابینەی نوێی حکوومەت ئامادەکراوە.

ڕۆژی 10ـی شوباتی 2025، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: گفتوگۆکان گەیشتوونەتە قۆناغی بیرۆکەی هاوبەش بۆ پێکهێنانی حکوومەت و تەنیا یەک دوو خاڵ ماون کە پێویستی بە گفتوگۆ لە ئاستێکی دیکەدا هەیە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا گفتوگۆ دەکرێت و خاڵە ناکۆکەکان کۆتایی پێ دەهێندرێت.

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاشیگەیاند: هەردوو لا گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی دەبێت لە پێکهێنانی حکوومەت پەلە بکرێت و تەنیا ڕای جیاوازمان لەسەر چۆنیەتیی پێکهێنانی حکوومەت و بەڕێوەبردنیەتی و تا ئێستا قسە لەسەر پۆستەکان نەکراوە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment