ئیسرائیل ناسنامەی تەرمی شێری بیباس پشتڕاست کردەوە

پەیمانگای پزیشکی دادوەری ئیسرائیل ئەمڕۆ شەممە، 22ـی شوباتی 2025  پشتڕاستی کردەوە کە ئەو تەرمەی شەوی هەینی، لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە ڕادەستی ئیسرائیل کراوە، تەرمی شێری بیباسە، ئەمەش دوای پشکنین پێویست.

کەناڵی 12ـی ئیسرائیل بڵاویکردەوە: "پەیمانگای پزیشکی دادوەری پشکنینی بۆماوەیی بۆ تەرمی شێری بیباس کرد و یەکسانبوونی بۆماوەییەکەی ڕاگەیاند".

ئێوارەی ڕۆژی هەینی حەماس ڕایگەیاند، تەرمی بەندکراوی ئیسرائیلی شێری بیباس کە لە کەرتی غەززە کوژراوە، ڕادەستی خاچی سووری کردووە.

تەرمی ئەو دایکە لەگەڵ دوو منداڵە بچووکەکەی، بڕیار بوو ڕۆژی پێنجشەممە بگەڕێندرێتەوە بۆ ئیسرائیل، بەڵام ئەو دارەبازەی حەماس ڕادەستی خاچی سووری کردبوو، تەرمی ئافرەتێکی دیکەی  تێدابووە.

دواتر حەماس دانی بەوەدانا کە هەڵەیەک ڕوویداوە و ئەم هەڵەیەش توڕەیی ئیسرائیلی لێکەوتەوە.

لە بەرامبەردا ماڵپەڕی ینێت ئێوارەی ڕۆژی هەینی، لە زاری بەرپرسانی خاچی سوورەوە بڵاویکردەوە، دارەبازەیەکیان لە حەماسەوە پێگەیشتووە کە تەرمی شێری بیباسی تێدایە و گواستویانەتەوە بۆ دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، حەماس لەبری تەرمی شێری بیباس تەرمی ئافرەتێکی خەڵکی غەززەی ڕادەستی تەلئەڤیڤ کردووە، ئەمەش بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست دەزانێت و بەڵێنی دا بەوەی حەماس باجەکەی دەدات.

لای خۆیەوە حەماس ڕۆژی هەینی، دانی بەوەدانا ڕەنگە هەڵەیەک لە ناردنەوەی تەرمەکە هەبووبێت، بووەتە هۆی هەڵە ناردنەوەوەی تەرمی شێری بیباس و جەختی لەوە کردەوە، هیچ بەرژەوەندییەکی نییە لە پابەندنەبوون بە ڕێککەوتنەکەوە.

هەروەها جەختی لەسەر پێویستی هەنگاونان بەرەو پێشەوە لە جێبەجێکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە لە هەموو ئاستەکاندا کردەوە، هەروەها جددیەتی و پابەندبوونی تەواوی خۆی بە هەموو بەڵێنەکانیەوە پشتڕاستکردەوە.

پێنجشەممەی ڕابردوو، حەماس تەرمی چوار بارمتەی ئیسرائیلی ڕادەستکرد، ئیسرائیل ناسنامەی ئەو دوو منداڵە و چوارەم بارمتە بەناوی ئۆدێد لیفشیتز پشتڕاستکردەوە، بەڵام پزیشکانی پەیمانگای ئیسرائیل ڕایانگەیاند، تەرمی چوارەم هی ئافرەتێکی نەناسراو بووە نەک شیری، کە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 لەگەڵ دوو کوڕەکەی و هاوسەرەکەی یاردن ڕفێندرابوون.

بزووتنەوەی حەماس باسی لەوەش کرد، دەکرێت هەڵە ڕووبدات، بەتایبەتی کە بۆردومانەکەی ئیسرائیل بووە هۆی کوژرانی بارمتەکان و تێکەڵ بوونی تەرمی بارمتە ئیسرائیلییەکان لەگەڵ تەرمی فەڵەستینیەکان، داوای لە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل کرد تەرمی ئەو ئافرەتە بۆ غەززە بگەڕێننەوە.