بە سپۆنسەری كونسوڵخانەی پۆڵەندا پێشانگەیەكی تایبەت بە كۆچبەرە بێسەروشوێنبووەکان كرایەوە

بەئامادەبوونی کونسوڵی گشتیی پۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان و نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە پۆڵەندا، پێشانگەیەکی تایبەت بە کۆچبەرە بێسەروشوێنبووەکان لە ڕانیە کرایەوە.
ئەو چالاکییە جگە لە پێشاندانی وێنەی کۆچبەران و مەترسییەکانی ڕێگەی کۆچی نایاسایی، لە چەند پەیڤێکدا باس لە مەترسییەکانی ڕێگەی نادیاری کۆچی نایاسایی کرا.
پێشانگەکە بە سپۆنسەری كونسوڵخانەی پۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان و بە هاوكاریی ناوەندیی كوردستان بۆ هونەر و كولتوور (KCAC) ڕێكخرابوو. لە ڕێگەی وێنە و دەنگەوە ئازار و نەهامەتییەکانی بێسەروشوێن بووان و کەسوکاریان پیشان درا.

لەو چالاكییەدا هەردوو فۆتۆگرافەر شەماڵ حیسامەدین و هەردی كوردە، چیرۆكە تراژیدییەکانی ئەو خێزانانەیان گێڕایەوە کە وەک کۆچبەر رێگای هات و نەهاتیان گرتۆتەبەر.
زیاد رەئوف، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە وڵاتی پۆڵەندا کە ئامادەی پێشانگاکە بوو وێڕای دەستخۆشی لە رێکخەرانی پێشانگاکە بە کوردستان24ی گوت: "گرنگە ئەو جۆرە نەهامەتییانە لە ڕێگەی کاری هونەریی و فۆتۆگرافیەوە نیشان بدرێن، بۆ ئەوەی خەڵکانی دیکەش مەترسییەکانی رێگای کۆچی نایاسایی بزانن و ئەو ڕێگایە نەگرنەبەر."
فۆتۆگرافەر شەماڵ حیسامەدین لە ڕێگەی وێنەكانییەوە ژیانی ئەو خێزانانەی تۆمار كردووە كە لە چاوەڕوانی بێسەروشوێن بووانی رێگای کۆچ دان و ناتوانن باوەڕ بە لەدەستدانی ئازیزانیان بکەن.
ئەو فۆتۆگرافەرە لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 گوتی: "بیرۆکەی کارەکە لەوەوە بوو ئێمە خەڵکی ناوچەیەکین کە زۆرترین رێژەی کۆچبەران لەم سنوورەیە، کۆچەکەش بێ قوربانی نییە، بەشێک لە کۆچبەران بێسەروشوێن دەبن، چەندین ماڵ هەیە چەندین ساڵە چاوەڕێن سۆراخی ئازیزانیان هەبێت".
ئەو باسی لەوە کرد، قسەی لەگەڵ چەند خێزانێک کردووە، تاوەکوو ئێستە چاوەڕێن چارەنووسی کەسوکاریان بزانن کە لە ڕێگەی کۆچەوە دیار نەماون.

دەڤەری راپەڕین یەکێکە لەو ناوچانەی لە ژمارەی ئەو کەسانەی بە رێگای نایاسایی کۆچیان بۆ وڵاتانی ئەورووپا کردووە، لە پێش ناوچەکانی دیکەوەیە.
بەکر عەلی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "تاوەکوو ئێستە 367 کۆچبەری هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆچی نایاساییەوە بێسەروشوێن بوونە یان گیانیان لە دەست داوە." ئاماژەی بەوەش دا: "پێویستە لە ڕێگەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە، زیاتر بایەخ بەو بابەتە بدرێت بەمەبەستی زیاتر هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان."
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا، ئەوەشی خستە ڕوو: لە دوای ساڵانی نەوەتەکانەوە کۆچی نایاسایی هەبووە، بەڵام لە ساڵی 2014ـەوە کۆچە بووەتە سەرکێشی، چەندین ڕۆژ لەناو یەختێکدا بیت بۆ گەیشتن بە وڵاتێک ئەمە سەرکێشییەیەکی گەورەیە، چونکە ڕێگەکان مەترسیدار و سەختن، ئەمەش وایکردووە رێژەیی گیان لەدەستدان بەرز بێتەوە".