ئاگرین عەبدوڵڵا: پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان نادادپەروەریی تێدایە
تا ئێستا وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ نووسراوێکی فەرمیی لەبارەی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان و دانانی بەردی بناخەکەی بەدەست نەگەیشتووە.
ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نییە و نادادپەروەری تێدایە، بە گوتەی ئاگرین عەبدوڵڵا، دیزاینی پڕۆژەکە کە لە هێڵی شەمەندەفەر و رێگای خێرا پێکدێت، بە ناوچە کوردنشینەکاندا تێناپەڕێت، بەڵکو تەنیا بە ناوچە عەرەبییە شیعە و سوننەکاندا گوزەر دەکات.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی لەم تێبینییانە ئاگادار کردووەتەوە، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە روونیکردەوە، وەزارەتەکەیان پێشنیازی کردووە هێڵی شەمەندەفەرەکە بە کەرکووک و هەولێردا تێپەڕێت و بگاتە تورکیا، بەڵام لایەنی بەرامبەر تا ئێستا بەو پێشنیازە رازی نەبووە و تەنیا دەیانەوێت چەند کیلۆمەترێکی کەم لە سنووری زاخۆ و دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بەشێکی پڕۆژەکە بهێنرێتە هەرێمی کوردستان.
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دوایین لێدوانیدا ئاشکرایکرد، بەنیازە بانگهێشتنامەیەکی فەرمی ئاراستەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا بکات بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی پڕۆژەکە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختدەکاتەوە، رێگای گەشەپێدان دەبێتە رێڕەوێکی ستراتیژیی وزە و گواستنەوە. بەپێی پلانەکە، رێگاکە توانای گواستنەوەی رۆژانە 2.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە و تەنیا لە کەرتی نەوتدا ساڵانە 65 بۆ 70 ملیار دۆلار داهاتی ئابووریی دەبێت.