حاکمی کالیفۆرنیا: بەهۆی ئاگرەکەی لۆس ئەنجلس، 40 ملیار دۆلارمان پێویستە

حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیا ڕایگەیاند، بەهۆی ئاگرە گەورەکەی لە باشووری لۆس ئەنجلس کەوتەوە، زیانێکی زۆریان بەرکوتووە و 40 ملیار دۆلاریان پێویستە بۆ ئەوەی لۆس ئەنجلس بونیات بنێنەوە، هاوکات داوای هاوکاری لە هەموو لایەک کرد بە زووترین کات ئەو شارە بنیات بنێنەوە.
شەممە 22ـی شوباتی 2025، ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، گاڤین نیوزۆم، حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیا لە نامەیەکدا کە بۆ کۆنگرێسی ناردووە و بەدەست ڕۆژانامەکە کەوتووە، تێیدا داوای 40 ملیار دۆلار هاوکاری لە کۆنگرێس کردووە بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا دووبارە لۆس ئەنجلس بنیات بنێنەوە.
هەروەها ئاماژەشی داوە بەوەی، 16 ملیار و 800 ملیۆن دۆلاریان پێویستە بۆ لابردنی پاشماوە و چاککردنەوەی ڕێگاوبان و پرد و باڵەخانە گشتییەکان و خزمەتگوزارییەکان، هەروەها 9 ملیار و 900 ملیۆن دۆلاری دیکەش بۆ یارمەتیدانی دووبارە بنیاتنانەوەی خانووبەرە و ژێرخانی ئابووری پێویستە.
لە نامەکەی حاکمی کالیفۆرنیادا هاتووە، لەداهاتوو دا زیاتر لەو بڕەیان پێویست دەبێت و هاوکات ساڵانێکی زۆری دەوێت تاوەکوو بتوانین زیانە ئابوورییەکانی ئاگرەکە دیاری بکەین.
هاوکات گاڤین نیوزۆم، حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) ڕایگەیاندووە، بۆ بنیاتنانەوەی لۆس ئەنجلس پێویستیان بە هاوکاری هەموو لایەک هەیە.
کۆمپانیایی ئەکیووێزەر (AccuWeather) ،پێشبینی کردووە، زیانی ئاگرەکەی بە 250 ملیار دۆلار خەملاندووە، بەهۆی ئەوەی ئاگرەکە بەشێکی زۆری ڕووبەری لۆس ئەنجلس و خانوو و باڵەخانە گرانبەهایەکانی سوتاندووە.
لە 7ـی کانوونی دووەمی 2025، بە شێکی زۆری باشووری لۆس ئەنجلۆس ئاگرێکی گەورەی گرت کە بەهۆییەوە 29 کەس گیانیان سپارد و نزیک 16 هەزار کەس ئاوارەبوون لەگەڵ سووتانی دەیان هەزار باڵەخانە و خانوو.