وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سەردانی ئێران دەکات
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دوای سەردانەکەی بۆ سعوودیە و کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی ئەمەریکا، ئەم هەفتەیە سەردانی ئێران دەکات.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، سێشەممە 25ـی شوباتی 2025، سەردانی تاران دەکات و لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆ دەبێتەوە.
بە گوێرەی ئاژانسە ئەمەریکییەکە، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و بەرپرسانی ئێران لە کۆبوونەوەکەیاندا، باس لە نوێترین پێشهاتەکانی سووریا و گۆڕانە ناوچەیی و نێودەڵەتییەکان و بەرژەوەندییە دوولایەنەکانیان دەکەن.
ڕووسیا و ئێران، پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ ڕژێمی پێشووی سووریا هەبوو.
هاوکات، سێشەممە 18ـی شوباتی 2025، شاندی ڕووسیا بە سەرۆکایەتی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوە و شاندی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی مارک ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە کۆبوونەوە، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا باسی لەوە کرد کە کۆبوونەوەکەیان زۆر ئەرێنی بوو، زەمینەسازیی بۆ کۆبوونەوەی پوتن و ترەمپ دەکەن.