کۆنگرەی ئاکپارتی دەست پێ دەکات و ئەردۆغانیش تاکە کاندیدە بۆ سەرۆکایەتی

ئەمڕۆ یەکشەممە، 23-02-2025، هەشتەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە ئەنقەرە دەست پێ دەکات.
کۆنگرەکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی، تاکە کاندیدە بۆ سەرۆکایەتیی پارتەکە.
چاوەڕێ دەکرێت، هەشتەمین کۆنگرەی ئاکپارتی بە بەشداریی زیاتر لە هەزار و 600 ئەندام و هەزاران میوان بەڕێوە بچێت. هەروەها بڕیارە 95 باڵیۆزی وڵاتان، 28 پارتی سیاسیی لە 13 وڵات، 127 ڕێکخراوی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی و کۆمەڵگەی مەدەنی بەشداریی کۆنگرەکەی ئاکپارتی بکەن. هەروەها 56 میدیا و دامەزراوەی ڕاگەیاندنی نێوخۆیی و جیهانی، ڕووماڵی کۆنگرەکە دەکەن.
لەنێوخۆی تورکیا و باکووری کوردستان، هەر یەکە لە نوێنەرانی جەهەپە، مەهەپە، ئیی پارتی، پارتی یەکگرتنی مەزن، هوداپار، پارتی سەرلەنوێ ڕەفاهـ، پارتی سۆسیالیست دیموکرات، پارتی سەعادەت و پارتی وەتەن بەشداریی کۆنگرەکە دەکەن، بەڵام هەریەک لە دەم پارتی، پارتی دێڤا بە سەرۆکایەتیی عەلی باباجان و پارتی ئایندە بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد داودئۆغڵو، بانگهێشتی کۆنگرەکە نەکراون.
ڕۆژی هەینی، 07-02-2025، کۆنفرانسەکانی لقی ڕێکخستنەکانی ئاکپارتی لە پارێزگاکانی تورکیا و باکووری کوردستان کۆتاییان هات و ئەردۆغان بەشداریی لە 29 کۆنفرانس کرد.
تاوەکوو ئێستە ئاکپارتی حەوت کۆنگرەی ئاسایی و چوار کۆنگرەی نائاسایی ڕێکخستووە و 11 ملیۆن و 135 هەزار و 306 ئەندامی هەیە.