ئەورووپا لە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندیی ئەمەریکا و ڕووسیا نیگەرانە

دوای ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان کرێملن و کۆشکی سپی، بەتەواوی پچڕابوون، ڕووسیا و ئەمەریکا بە یەکەمین کۆبوونەوە لەسعوودیە، پەیوەندییەکانیان ئاسایی دەکەنەوە.

ئێستا کاربەدەستانی مۆسکۆ و واشنتن کار بۆ ڕێکخستنی دیداری لووتکەی نێوان ڤڵادیمێر پوتین و دۆناڵد ترەمپ دەکەن، بۆ ئەوەی لەسەر پرسە دژوار و ناکۆکییەکانی نێوانیان ڕێک بکەون و کۆتایش بە جەنگی سێ ساڵەی ئۆکراینا بهێنن. تا ئێستا، هەریەک لە کیێڤ و برۆکسل خۆیان بە پەراوێزخراو دەبینن، بۆیە پسپۆڕانی ڕووس پێیان وایە، ئۆکراینا و ئەورووپا بەربەست لەبەردەم نزیکبوونەوەی مۆسکۆ و واشنتندا درووست دەکەن.

ئەندرێی سیدەرەڤ، سەرۆکی بەشی ڕێکخراوە جیهانییەکان و پرۆسەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی لە زانکۆی لۆمانۆسەڤ، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند دیدارەکە بۆ خۆی دەستکەوتە، لەوێ نوێنەرانی هەردوو وڵات لە ئاستێکی باڵادا ئامادە بوون؛ هەردوولا زیاتر لەسەر لایەنە ئەرێنییەکان دیدارەکە لێدوانیان دا، کاتێک پوتین و بایدن لە جنێڤ دیداریان هەبوو، بایدن پاش دیدارەکە گوتی: ئێمە کێشەمان لەگەڵ ڕووسیا زۆرە، بەڵام ئەم جارە وانەبوو. پاشان لاڤرۆڤ گوتی: ئەوان تەنها گوێیان بۆ ڕانەدێراین بەڵکو نیازی ئێمەیان بیست، ئەمە ناوەرۆکی دیدارەکە نیشان دەدات، پێم وایە پاش ئەم دیدارە لیژنەی تایبەت دروست دەبێت بۆ کارکردن لە ئاراستەی جیادا، ئەمەش هەنگاوێکی بنچینەیی و گرنگە بۆ بەرەوپێشچوون لە پەیوەندییە فرەلایەنەکانی نێوان و ئەمەریکا و ڕووسیا.

ئێستا ئەورووپا گلەیی و گازەندە لە ئیدارەی ترەمپ دەکات، تەنیا ڕاستەوخۆ ناڵێن کە خیانەتی لە بەرژەوەندییەکانی خۆرئاوا  کردووە، دەشڵێن: چونکە ئەوە پلانی گشتگیری سەرۆکی پێشووی ئەمەریکایە و ئێستا ئەورووپا تێیدا گیری خواردووە، بەڵام ئەمەریکا بەرژەوەندیی نیشتمانی هەیە و لەپێش هەموو شتێکەوە بەرگریی لەو بەرژەوەندییانە دەکات.

سێرگی پانتێلێڤ، بەڕێوەبەری پەیمانگای ڕووسی لە تاراوگە، دەڵێت: ئامادەکاری بۆ دیداری لووتکە دەکرێت لەنێوان سەرۆکەکاندا، بێگومان کێشەی ئۆکراینا یەکێک دەبێت لە بابەتە دژوارەکان، چارەی ئەم پرسە دەرگا بەڕووی کۆمەڵێک بابەتی دیکەدا دەکاتەوە؛ دەسەڵاتیک هەیە بەس هەوڵ بۆ درێژەدان بە جەنگەکە دەدات و نایەوێت کە ڕووسیا و ئەمەریکا ڕێکبکەون.

هەروەها ئەو لایەنە بەریتانیا پێشڕەوی دەکات و لەناوخۆی ئەمەریکا و لەڕێگەی یەکێتیی ئەورووپاوە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ تێکدانی پرۆسەی ئاشتی، دەبێت بۆ ئەم بابەتەش ئامادە بین. بێگومان پرۆسەی دانوستان ئاسان نابێت، بەڵام پاش گفتوگۆکان لە وڵاتی ئۆکراینا چی دەمێنێتەوە و چۆن سەروەرییەکی پارێزراو دەبێت پرسیار زۆر هەڵدەگرێت؛ چونکە وڵاتانی ئەورووپا لە ڕوانگەی ئاسایشی خۆیانەوە لەو وڵاتە دەڕوانن و ڕووسیا بێگومان لەمە تێ دەگات.

سەبارەت بە ئاگربەست، ڕووسیا درێژە دەدات بە پرۆسەی سەربازیی تایبەت، زۆر باش دەچێتە پێشەوە، پاشان ئەزموونی ڕێکەوتنی مینسک، کە وڵاتانی ئەورووپا پشتگوێیان خست و ئێستاش بووەتە هۆی بێبەشبوونیان لە پرۆسەی دانوستان، بێگومان ئەورووپا ناتوانێت دانوستان بکات کە ئێمە لە پێشڕەویداین، ئەمەریکاییەکان باش لەم بابەتە تێدەگەن.

یەکەم کۆبوونەوەی شاندی ڕووسیی و ئەمەریکیی بە نێوەندگیریی سعوودیە، بەربەستەکانی بەردەم کرێملن و کۆشکی سپی هەڵگرتووە. هەنوکە، کاربەدەستانی واشنتن و مۆسکۆش هەوڵەکانیان چڕتر کردووەتەوە بۆ ڕێکخستنی دیداری لووتکەی نێوان ترەمپ و پوتین بۆ ڕێکەوتن لەسەر دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات و کۆتایی هێنان بەجەنگی ئۆکراینا. ئەم پێشکەوتنەی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و ڕووسیا، هاوپەیمانەکانی ئەمەریکای نیگەران کردوو؛. بۆیە پسپۆرانی ڕووس پێیان وایە کە ئەمەریکا خیانەتی لە بەرژەوەندییەکانی خۆرئاوا کردووە.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment