دادگای فیدراڵی داواکاریی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستانی رەتکردەوە

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا، سکاڵایەکی عەلی حەمە ساڵح سەبارەت بە نادەستووریبوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان رەتکردەوە، کە لە دانیشتنی پێشتردا بڕیاردانی لەسەر ئەو سکاڵایە بۆ ئەمڕۆ دواخست بوو.

دووشەممە، 26ی تشرینی یەکەمی 2026، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، سکاڵایەکی عەلی حەمە ساڵح سەرۆکی رەوتی هەڵوێست و ئەندامی  پەرلەمانی پێشووی كوردستانی لە دژی سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان رەت کردەوە، کە تیایدا داوای کردبوو بڕیار لەسەر نادەستووریی بەردەوامبوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بدرێت.

 سکاڵاکە بە ژمارە (211/اتحادية/2026) پێشتر دانیشتنی رێکەوتی 20ی 9ی 2026 دواخرابوو بۆ ئەمڕۆ، بەڵام دواجار لە دانیشتنی ئەمڕۆدا چارەنووسی سکاڵاکە یەکلایی کرایەوە و دادگا رەتیکردەوە کە بەردەوامبوونی خولەکە نادەستووری بێت و رێکخستنەوەی لێکەوتە یاساییەکانیشی بە هەمانشێوە رەتکردەوە.

عەلی حەمە ساڵح وەک سکاڵاکار لە داواکەیدا داوای کردبوو دادگای فیدڕاڵی و لایەنە پەیوەندیدارەکان ناچار بکات بڕیارێک دەربکەن بۆ کۆتاییهێنان یان دووبارە هەڵسەنگاندنی دەستووریی مانەوەی پەرلەمانی کوردستان لە خولی شەشەمیدا، لەگەڵ رەچاوکردنی تەواوی لێکەوتە یاساییەکانی بە پشتبەستن بە دەستووری عێراق.