نۆیەمین ساڵیادی داستانی سحێلایە
لە نۆیەمین ساڵیادی داستانی سحێلا، فەرماندەکانی پێشمەرگە باس لە وردەکاریی ئەو رۆژە دەکەن، کە چۆن پێشمەرگە بە ورەیەکی بەرزەوە هێرشێکی فراوانی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکانی تێکشکاند و رێگری لە داگیرکردنی کوردستان کرد.
رۆژی 26ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 2017، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە میحوەری سحێلا، هێرشێکی فراوانی هێزە عێراقییەکان و چەکدارانی حەشدی شەعبییان تێکشکاند و رێگرییان لە پێشڕەوییەکانیان کرد بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان.
شێخ عەلی گەلی رۆمانی، بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای دیجلەی هێزەکانی پێشمەرگە، سەبارەت بە هێرشەکە و بەرگریی پێشمەرگە، بە بێوار حلمی، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، هێرشێکی زۆر قورس بوو، زیاتر لە 800 ئامێری سەربازی و 30 هەزار سەرباز لە بەرەیەکی درێژ بە درێژایی 50 کیلۆمەتر هێرشیان هێنا.
شێخ عەلی ئاماژەی بەوە دا، پێشمەرگە وەڵامێکی زۆر تووندی هەبوو و گورزێکی گەورەی لە هێرشبەران وەشاند، بە جۆرێک دوو دەبابەی ئەبرامز و چەندین ئامێری دیکەی سەربازیی لەناوبرد.
لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕەکەدا سەرجەم هێزەکانی کوردستان یەکیان گرت. لەم بارەیەوە خەلەف کنجۆ، ئامر لیوا لە هێزەکانی پێشمەرگە گوتی، پێشمەرگە و ئاسایش و هەموو هێزە ناوخۆییەکان دەستیان خستە ناو دەستی یەکتر و بەرانبەر بە دوژمن وەستانەوە و ورەی پێشمەرگە زۆر بەرز بوو.
هەر لە بارەی ساتی رووبەڕووبوونەوەکان، ئیبراهیم عومەر، ئامر فەوج لە هێزەکانی پێشمەرگە باسی لەوە کرد، هێرشبەران کاتێک پێشڕەوییان کرد، پێشمەرگە لێیان راپەڕین و دەبابە و هامەرەکانیان تێکشکاندن، بەمەش ترسێکی گەورە کەوتبووە دڵی هێرشبەرانەوە.
لە داستانی سحێلادا، 22 پێشمەرگەی قارەمان بۆ پاراستنی خاکی کوردستان گیانی خۆیان فیدا کرد و شەهید بوون، لە بەرانبەردا زیاتر لە 250 چەکداری هێزە هێرشبەرەکان کوژران و بە شکانێکی گەورەوە پاشەکشەیان پێ کرا.
یەکێک لەو فەرماندانەی رۆڵێکی دیاری لە بەرگریکردندا هەبوو، شەهید وەحید باکۆزی بوو. هۆشەنگ وەحید باکۆزی، کوڕی ئەو فەرماندە شەهیدە بە شانازییەوە باس لە رێبازی باوکی دەکات و دەڵێت، "ئێمەش حەز دەکەین وەکو باوک و باپیرمان شەهید بین، حەز ناکەین وەکو کەسێکی ئاسایی بژین، لەبەر ئەوەی شەهیدبوون لەپێناو نیشتمان بۆ ئێمە پیرۆزترین شتە".
ئێستا و دوای تێپەڕبوونی نۆ ساڵ بەسەر ئەو داستانەدا، هێزەکانی پێشمەرگە هێشتا لە سەنگەرەکاندان و بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە پارێزگاری لە خاکی کوردستان دەکەن، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لە ئارامی و ئاسایشدا بژین و ئەو پەیامە بە جیهان دەدەن، ئیرادە و باوەڕ لە هەموو چەکێک بەهێزترە.