بەرپرسێکی باڵای ڕووسیا: بەم زووانە جەنگی ئۆکرانیا کۆتایی دێت

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا دووپاتی دەکاتەوە، جەنگی ئۆکرانیا زۆری نەماوە و بەم زووانە کۆتایی دێت و دەرئەنجامەکەیشی ئاشکرا دەبێت.

یەکشەممە، 23-02-2025، دیمیتری میدڤیدیڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا، لەبارەی جەنگی نێوان وڵاتەکەی و ئۆکرانیا، لە لێداونێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "جەنگەکە بەم زووانە کۆتایی دێت."

میدڤیدیڤ، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد "کات سەلماندوویەتی ئۆپەراسیۆنی تایبەت لەنێو ئۆکرانیا تاکە چارەسەری گونجاوی  بەردەستمان بوو" وەکوو ئاماژەیەک بۆ لەشکرکێشیی وڵاتەکەی بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا لە شوباتی 2022. 

بە گوتەی ئەو بەرپرسە ئەمنییەی ڕووسیا "جەنگ کۆتایی نەهاتووە، بەڵام دەرەنجامەکەی زۆر نزیک بووە" دووپاتیشی کردەوە، وڵاتەکەی "هەموو دوژمنەکانی لەنێو دەبات."

لەبارەی لێکەوتەکانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا لەسەر بەشەکانی دیکەی جیهان، میدڤیدیڤ جەختی کردەوە لەوەی "مۆسکۆ ڕێگە بە ڕوودانی ململانێیەک نادات کە ببێتە هۆی کۆتاییهاتنی جیهان."

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، ڤۆلۆدیمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیای بە "مشکێکی گیرخواردوو" ناوبرد و ئاماژەی بەوە دا، هەموو کارێک دەکات تاوەکوو لێکنزیکبوونەوەی ئەم دواییەی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا تێک بدات.