هۆشداری لە توانەوەی سەهۆڵی لووتکەیەکی ئەندەنوسیا دەدرێت

پسپۆران پێشبینی دەکەن ساڵی داهاتوو، سەهۆڵی لووتکەی شاخێکی ئەندەنوسیا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا بە تەواوی بتوێتەوە، ئەمەش کاریگەرییەکی نەرێنیی بەرچاوی دەبێت بۆ سەر گژوگیا و گیانەوەرانی ناوچەکە،  بەشێوەیەک کە ئەگەری ڕوودانی تسونامی هەیە.

دۆناڵدی سوکما پێرمانا، لە دەزگای کەشناسی و کەشوهەوا و جیۆفیزیکی ئەندەنوسیا، لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند "بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و گۆڕانی کەشوهەوا سەهۆڵی لووتکەی پۆنچاک جایا، کە دەکەوێتە چیاکانی جایاویجایا لە کەنارەکانی ئەندەنوسیا تواوەتەوە؛ بە شێوەیەک گەیشتووەتە ئاستێک کە ناتوانین پارێزگاری لێ بکەین و پێشبینیش دەکەم لە ساڵی 2026 یان 2027 لووتکەی سەهۆڵەکە بە تەواوی بتوێتەوە.

پێشتر لە مانگی نۆڤەمبەردا دۆناڵدی ڕایانگەیاندبوو "سەهۆڵەکە بۆ نزیکەی چوار مەتر تەنک بووەتەوە، لە کاتێکدا لە مانگی کانوونی دووەمی 2023دا ئەستوورییەکەی شەش مەتر بوو، ئەمەش لە کاتێکدایە لە ساڵی 2010 ئەستووریی سەهۆڵەکە نزیک 32 مەتر بووە.

شەپۆلی گەرما لە ساڵانی 2015 و 2016 کە کەنارەکانی ئاوییەکانی گرتووە بە شەپۆلی (The strong El Nino)  ناسراوە، بووە هۆی ئەوەی کە  سەهۆڵی لووتکەکە  5.6 مەتر بتوێتەوە، بەمەش ڕیکۆردی بۆ خێراترین توانەوە تۆمار کردووە.

بەگوێرەی دۆناڵدی، پسپۆڕانی زانکۆی ئەندەنوسیا و زانکۆی سەندراواسیح لێکۆڵینەوەیان لە کاریگەری توانەوەی سەهۆڵی لووتکەکە کردووە و پێشبینیان کردووە زیانێکی چاوەڕواننەکراو بە ژینگەی دەروبەر بگەینێت، هەروەها هەندێک لە ئاژەڵەکان بۆ ناوچەکانی دیکە کۆچ دەکەن.. هاوکات، سەهۆڵی لووتکەکە ماڵێکی شاهانەیە بۆ هەندێک لە باڵندەکان.

دۆناڵدی سوکما پێرمانا، باسی لە کاریگەرییەکی تری نەرێنێ توانەوەی سەهۆڵی لووتکەکە کرد و گوتی: بەهۆی توانەوەی سەهۆڵەکە ئاستی دەریا بەرز دەبێتەوە، بەمەش دەبێتە هۆی سونامی و ژێرئاوکەوتنی زەوییەکانی کەناراوەکە.

بە گوێرەی توێژەران، پێشتر لە ئەندەنوسیا پینج لووتکەی سەهۆڵی هەبووە، کە هەموویان لە نێوان ساڵانی 1990 بۆ 2000 توانەوە، لووتکەی  پۆنچاک جایا، تاکە لووتکەیە لە ناوچە گەرمەکانی ڕۆژئاوای زەریای هێمن، کە تا ئێستە سەهۆڵی پێوە ماوەتەوە.