ڕۆژی دەستپێکردنی کۆنگرەی نیشتمانیی سووریا دیاری کرا
ئەم هەفتەیە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتیمانیی سووریا لە بارەی داهاتووی ئەو وڵاتە بەڕێوە دەچێت.
یەکشەممە 23ـی شوباتی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، لە سەر زاری دوو ئەندامی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی نیشتمانیی سووریا ڕایگەیاندووە، کۆنگرەی دیالۆگی نیشتیمانی سووریا لە بارەی داهاتوو وڵاتەکەیان لە 25ـی شوباتی 2025 دەست پێ دەکات.
هەروەها بڵاویشی کردووەتەوە، لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی نیشتمانیی سووریا کە لە حەفت کەس پێک هاتوون لە ماوەی هەفتەی ڕابردوو دا لەگەڵ نزیکەی 4 هەزار کەس لەبارەی ڕاگەیاندنی دەستور و چوارچێوەی ئابووریی نوێ و پلانێک بۆ یاسای چاکسازی، ڕاوێژیان کردووە.
چاوپێکەوتنی حەسەن دەغێم، گوتەبێژی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی نیشتمانیی سووریا لەگەڵ کوردستان24ـ.
گوتەبێژی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی نیشتمانیی سووریا ڕایگەیاند، کورد پێکهاتەیەکی ڕەسەن و گرنگن لە سووریا بەشێکی سەرەکی دەبێت لە کۆنگرەکە، هەروەها گوتی کۆنگرەکەمان کۆنگرەیەکی مەدەنی و نەتەوەییە، سەربازی و مەزهەبی نییە، بۆیە نوێنەرایەتی هەموو لایەک دەکات.
ڕۆژی 16ـی شوباتی 2025، حەسەن دەغێم، گوتەبێژی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی نیشتمانیی سووریا لە چاوپێکەوتنێکدا لە شام لەگەڵ ئەنوەر عەبدولەتیف، پەیامنێری کوردستان24ی ڕاگەیاند. "کورد و تورکمان و عەرەب و موسڵمان و عەلەوی شیعە، دروزی، هەموو ئەو کەسانەی سووری بن و نیشتیمانپەروەر بن، کە بتوانن بەرژەوەندیی سووریا بپارێزیت، لە کۆنگرەکە بەشدار دەبن."
حەسەن دەغێم گوتیشی: لە کۆنگرەکەدا پرسەکانی وەکوو ئاسایشی هاووڵاتییانی سووریا، داهاتووی سووریا، یەکڕێزیی و یەکپارچەیی ئەو خاکە، سەرەوەری ئەو وڵاتە و خزمەتگوزاری هاووڵاتییان دانوستاندنی لە بارەیەوە دەکرێت.
گوتەبێژی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی نیشتمانیی سووریا لە بارەی بەشداریی کورد و ڕۆڵی کورد لە کۆنگرەکە گوتی: کورد وەکوو پێکهاتەیەکی ڕەسەن و گرنگ لە سووریا بەشێکی سەرەکی دەبێت لە کۆنگرەکە.
هەروەها ئاماژەشی دا "هەموو کوردەکان لێرە یەک ناسنامەیان هەیە، هیچ جیاوازییەک لە نێوان کوردی ئێزدی و کوردی موسڵمان نییە، ئەوان ئەو وڵاتەیان خۆش دەوێت، لێرە کورد نوێنەرایەتیی عەرەب دەکات و عەرەبیش نوێنەرایەتیی دەکات."
ئەو گوتەبێژە ئەوەشی خستە ڕوو "تاوەکوو ئێستا لەگەڵ پارتە سیاسییەکان و سەرکردە کوردەکان کۆ نەبووینەتەوە، بەڵکوو تەنیا لەگەڵ کەسە ئەکادیمی و ڕۆشنبیرەکان کۆ بوونەتەوە."
گوتیشی: کۆنگرەکەمان کۆنگرەیەکی مەدەنی و نەتەوەییە، سەربازی و مەزهەبی نییە، بۆیە نوێنەرایەتیی هەموو لایەک دەکات، تەنانەت ئەو شوێنانە لەژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریشدان.
حەسەن دەغێم، باسی لەوەش کرد "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانیی لەو کۆنگرەکە و بەڕێوەبەرایەتیی نوێی سووریا و قۆناغی ڕا گوزەری سووریا دەکات، بەڵام لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەکە سەربەخۆیە و خەڵکی سووریا بەڕێوە دەبەن."
ئاماژەشی دا "پێویستە وڵاتانی ڕۆژئاوا، سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرن بۆ ئەوەی بتوانین خزمەت بە هاووڵاتییان خۆمان بکەن و ئاسایشی ناوخۆیی زامەن بکەین و سووریا بنیات بنێنەوە
لەبارەی لەسێدارەدانی ئەو کەسانە لەگەڵ ڕژێمی پێشوو دا هاوکار بوونە، گوتی: یەکێک لە ئامانجەکانمان لە کۆنگرە دادپەروەرییە، بۆیە دەبێت ئەو کەسانە بە حەقی خۆیان بگەن و دادپەروەری جێبەجێ بکرێت.