تورکیا و ڕووسیا شەڕی ئۆکرانیا تاوتوێ دەکەن

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بەر لەوەی سەردانی تاران بکات، گەشتی ئەنقەرە دەکات و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا باس لە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەکات.

یەکشەممە 24ـی شوباتی 2025، ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی AFP بڵاوی کردووەتەوە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سبەی سەردانی تورکیا دەکات و لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆ دەبێتەوە.

لە کۆبوونەوەکەیاندا، باس لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و بەرژەوەندییە دوو لایەنییەکانیان دەکەن، هەروەها جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا بەشێک دەبێت لە گفتوگۆکان.

تورکیا کە ئەندامی ناتۆیە، دەیەوێت ڕۆڵێکی کاریگەری هەبێت لە کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، پێشتریش لە ساڵی 2022 لەو بارەیەوە چەند دانوستاندنێکی لە نیوان کییڤ و مۆسکۆ ڕێک خستبوو.

ڕۆژی سێشەممە 18ـی شوباتی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کۆ بوونەوە.

لەمیانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا، سەرۆک کۆماری تورکیا گوتبووی: ئاسۆیەک هەیە بۆ کۆتاییهێنانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، تورکیا بۆ هەر جۆرە دانوستانێکی گشتگیر لە نێوان  ئەمەریکا، ئۆکرانیا و ڕووسیا لەپێناو کۆتاییهێنانی شەڕ، ئامادەیە.

هاوکات، ئەمڕۆ 23ـی شوباتی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە "سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، سێشەممە 25ـی شوباتی 2025، سەردانی تاران دەکات و لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆ دەبێتەوە."

هەروەها ڕۆژی سێشەممە 18ـی شوباتی 2025، شاندی ڕووسیا بە سەرۆکایەتیی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و شاندی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی مارک ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕیاز کۆ بوونەوە، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا باسی لەوە کرد کە  کۆبوونەوەکەیان زۆر ئەرێنی بوو، زەمینەسازیی بۆ کۆبوونەوەی پوتن و ترەمپ دەکەن.