زیاد ئەسعەد بە بەرهەمێکی نوێ دەگەڕێتەوە
هونەرمەندی ناسراوی کورد، زیاد ئەسعەد، دوای ساڵانێکی زۆر لە بڵاونەکردنەوەی هیچ بەرهەمێکی هونەری، بڕیار وایە لە ئایندەیەکی نزیکدا بە گۆرانییەک هەواداران و گوێگرانی شادبکاتەوە.
یەکشەممە، 23ـی شوباتی 2025، سەرچاوەیەکی نزیک لە هونەرمەند زیاد ئەسعەد، بە کوردستان24ـی گوت: دوای ساڵانێکی زۆر، یەکێک لە گۆرانییەکانی زیاد ئەسعەد، کە تۆماری کردووە، بەڵام بڵاونەکراوەتەوە، لە ئایندەیەکی نزیک دا، بڵاودەکرێتەوە.
ئەو سەرچاوەیە، گوتیشی: گۆرانیەکە پێنج خولەکە، بەڵام تەنها 26 چرکەی بڵاوکراوەتەوە، دواتر تەواوی گۆرانییەکە بڵاودەکرێتەوە.
لەبارەی دۆخی تەندروستی هونەرمەندەکە، ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەکرد: ئێستا تەندروستیی زۆر باشە و ڕۆژانە وەرزش دەکات و تەنانەت لە دانانی ئاواز و هۆنراوەش بەردەوامە.
دوایین گۆرانی هونەرمەند زیاد ئەسعەد لە ساڵی 2004 بڵاوکرایەوە، کە گۆرانی 'ئەرێ نازێ' بوو دوای ئەوە هیچ گۆرانیەی دیکەی بڵاونەکردووەتەوە.
زیاد ئەسعەد، هونەرمەندێکی ناسراوی کوردە، خاوەنی هەوادارێکی زۆرە و دەمێکە هەوادارانی تامەزرۆیی بڵاوکردنەوەی بەرهەمێکی ئەو هونەرمەندەن.
زیاد ئەسعەد کێیە؟
زیاد ئەسعەد، لە ساڵی 1966 لە گەرەکی تەیراوەی شاری هەولێر لەدایکبووە، لە ساڵی 1983بە گۆرانی دوعادەکەم (ئاواز و ھۆنراوەی قادر سەیاحی) دەستی کردووە بە گۆرانی گوتن و یەکەم کاسێتی لە ساڵی 1988 بڵاو کردووەتەوە، خاوەنی پێنج ئەلبوومی گۆرانییە، زیاد ئەسعەد زیاتر لە 30ساڵە کوردستانی جێھێشتووە و لە سوێد دەژیت.
