بەرگریی شارستانیی هەرێم: ئەو 10 هاووڵاتییەی لەنێو بەفر گیریان خواردبوو، ڕزگار کران

بەرگریی شارستانیی هەرێم ڕایگەیاند: بەهۆی بەفربارینی ئەم دوو ڕۆژە زیاتر لە 10 هاووڵاتی لەنێو بەفردا گیریان خواردبوو، خۆشبەختانە لەلایەن تیمەکانمانەوە رزگار کران.

یەکشەممە، 23ـی شوباتی 2025، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لەم دوو ڕۆژە بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی ناوچە شاخاوییەکان ژمارەیەک هاووڵاتی لەنێو بەفردا گیریان خواردبوو.

سەرکەوت کاڕەش، گوتیشی: لە هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ڕاپەڕین زیاتر لە 10 کەس لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە ڕزگار کراون.

گوتەبێژی بەرگری شارستانی ئاماژەی بەوەش کرد، لە سنووری مەرزی کێلێ لە ڕاپەڕین، دوو پاسەوانی سنوور و چەند پێشمەرگە و هاووڵاتییەک لە نزیک مەرزی زێت لە سۆران گیریان خواردبوو.

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێم، داوا لە هاوڵاتییان دەکات، ئەم چەند ڕۆژە تاوەکو پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە، ئەو ڕێگایانە بەکارنەهێن کە شەختەیە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment