داوا لە دانیشتووانی هەولێر دەکرێت خۆیان کەرەنتینە بکەن
K24 – هەولێر
دوای شەش رۆژ لە قەدەغەی ھاتووچۆ، ژیان لە ھەولێری پایتەخت ئاساییكرایەوە. ژووری ئۆپەراسیۆنەكان بەم قەدەغەی ھاتووچۆیە توانیان بەشێکی ئامانجەكەیان بپێكن کە كەمكردنەوەی رێژەی تووشبووان بوو بە کۆرۆنا، ئێستاش بۆ ئەوەی ئامانجە گەورەکە بەدیبێت، داوا دەکرێت هاووڵاتییانی هەولێر خۆیان، خۆیان کەرەنتینە بکەن.
ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی پارێزگای ھەولێر پلانی داھاتووی خۆی بۆ کوردستان24 ئاشكرا دەكات، كە ھەڵمەتێكی ھۆشیاركردنەوەیە بۆ خۆكەرەنتینەكردنی ھاووڵاتییان.
هێمن، قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان 24 دەڵێ "ئێمە هەڵمەتێک رادەگەیەنین بۆ هەموو هاووڵاتییانی شاری هەولێر: هەر هاووڵاتییەک بۆ ماوەی 28 رۆژ خۆی کەرەنتینە بکات، کاری زۆر گرنگی نەبێت، نەیەتە دەرەوە، بەمە رێژەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر دادەبەزێت، لەو 28 رۆژە، ئێمە شەش رۆژمان بەڕێکردووە، کەواتا پێویستیمان بە 22 رۆژی دیکە دەبێت".
پلانی ژووری ئۆپەراسیۆنی هەولێر 28 رۆژ کەرەنتینەی گشتی بوو، بەڵام لەپێناو کار و بژێویی هاووڵاتییان، بۆ شەش رۆژ کەمکرایەوە، بۆیە ئێستا هەوڵدان بۆ بنبڕکردنی ڤایرۆسەکە لە سنووری هەولێر، لە دەستی هاووڵاتییاندایە.
بەپێی بڕیارە نوێیەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر: قەدەغەی هاتووچۆ لە کاتژمێر 08:00ـی ئێوارە بۆ 05:00ـی بەیانی دەبێت، لە رۆژانی هەیینیشدا تەواوی بازاڕ و شوێنە گشتی و گەشتیارییەکان دادەخرێن، جگە لەوەی دەوامی فەرمانگەکانی حکومەت بە 30٪ـی ئامادەبوونی فەرمانبەران دەستیپێکردووەتەوە.
هـ.ر.