کۆشکی سپی پشتگیریی لە دواخستنی ئازادکردنی زیندانییە فەڵەستینییەکان دەکات
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ڕایگەیاند، دواخستنی ئازادکردنی زیندانییە فەڵەستینییەکان لەلایەن ئیسرائیل وەڵامێکی بەجێیە بۆ حەماس.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، کۆشکی سپی ئەمەریکا پشتگیریی بڕیاری ئیسرائیل دەکات کە ئازادکردنی 600 زیندانیی حەماسی دواخست.
برایان هیوز، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ڕایگەیاند "دواخستنی ئازادکردنی زیندانییەکان، وەڵامێکی بەجێیە لەبەرانبەر ئەو مامەڵەی حەماس کە لە گەڕی حەوتەمی ئاڵوگۆڕی دیلەکان، لەگەڵ بارمتەکاندا کردی."
هەروەها گوتیشی: دۆناڵد ترەمپ، بە هەموو شێوەیک پشتگیریی ئیسرائیل دەکات لە بەرانبەر حەماسدا."
ڕۆژی 22ـی شوباتی 2025، حەماس لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە، شەش بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد کرد، بەڵام لە بەرانبەردا ئیسرائیل بە بیانوی ئەوەی حەماس مامەلەی نادروست لەگەڵ دیلە ئیسرائیلییەکاندا دەکات، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بڕیاری دا ئازادکردنی 600 زیندانییانی فەڵەستینی دوا بخات.
لای خۆشیەوە، عیزەت ڕشق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، یەکشەممە، 23ـی شوباتی 2025، لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە "ئەم بڕیارە جارێکی دیکە خۆدزینەوەکانی لایەنی ئیسرائیلی لە ئەرکەکانی ئاشکرا دەکات."