239 پسپۆڕ: رێکخراوی تەندروستی بە هەڵە لە کۆرۆنا تێگەیشتووە

لەبارەی هۆکارەکانی گواستنەوە کۆرۆنا زانیاریی بڵاودەکەنەوە

K24- هەولێر:

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، سەدان پسپۆڕ دەڵێن، بەڵگەیان هەیە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکرێت لە رێگای هەواوە بگوازرێتەوە و داواش لە رێکخراوی تەندروستی جیهانیی دەکەن، رێنماییەکان بگۆڕێت.

تەندروستی جیهانیی بڕوای وایە، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە بەهۆی لووت و دەم بە رێگای دڵۆپی وردەوە لە کاتی قسەکردن، کۆکە و پژمین دەگوازرێتەوە.

لە نامەیەکی کراوە بۆ رێکخراوەکە 239 پسپۆڕی پزیشکیی، لە 32 وڵات دەڵێن، کۆرۆنا لە کاتی پژمین و کۆکە، بەهۆی وردییەکەی لە هەوادا بڵاودەبێتەوە و دەتوانێت لە هەوای ژوورێکدا بە تەواوی کەسی دیکە تووش بکات.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی پێشتر رایگەیاندبوو، بەڵگەی پێویست بۆ ئەمە نییە و لە رێنماییەکان ئاماژەی پێنادەن.

بێنێدێتا ئلێگرانزی، سەرۆکی بەشی تەکنیکی نەخۆشییە گوازراوەکان لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، ئێمە پێشتر وتوومانە کە ئەوە ئەگەری هەیە، بەڵام هیچ بەڵگەیەک نییە بە تەواوی بیسەلمێنێت airborne بێت.

پێشتریش تەندروستی جیهانی ئەوەی راگەیاندبوو، کۆرۆنا کێشی زۆر سووک نییە تاوەکو لە هەوادا بڵاوببێتەوە و بۆ ماوەیەکی زۆر بمێنێتەوە، بەڵام هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، کۆمەڵێک پزیشک ئەوەیان رەتکردوەوە.

ئەو پزیشکانە داواکەیان ئاراستەی رێکخراوەکە کردووە و داواش دەکەن کاری بەپەلەی لەسەر بکرێت.