نێردەی تایبەتیی دۆناڵد ترەمپ سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات
بەهۆی ناکۆکییەکانی ئەم دواییەی نێوان حەماس و ئیسرائیل و گرفت و کێشەی جێبەجێنەکردنی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە، نێردەی تایبەتیی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چوارشەممە، 26ـی شوباتی 2025 سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.
ستیڤ وەیتکۆڤ، نێردەی تایبەتیی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند "لەبارەی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل ئەم هەفتەیە سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەم."
ستیڤ وەیتکۆڤ بە (CNN)ـی ڕاگەیاند "دەبێت بەرەوپێشچوون لە قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی حەماس و ئیسرائیل هەبێت، بۆیە ئەم هەفتەیە سەردانی ناوچەکە دەکەم بۆ ئەوەی لەو بارەیەوە دانوستاندن بکەین."
نێڕدراوی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ ڕاشیگەیاند "ڕەنگە سەردانەکەم بکەوێتە ڕۆژی چوارشەممە، بەو هیوایەشم بتوانین قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکە لە کاتی خۆی دەست پێ بکات و بارمتەی زیاتر ئازاد بکرێت."
قۆناغی دووەمی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس جۆرێک لە سستی تێکەوتووە بەهۆی ئەو مامەڵە نادروستەی حەماس لەگەڵ بارمتە ئیسرائیلییەکان دەیکات لەکاتی ئازادکردنیان، هەر ئەمەش وای کرد ئیسرائیل بڕیار بدات تا کاتێکی نادیار ئازادکردنی دیلەکانی فەڵەستین دوا بخات.
ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 19ـی کانوونی دووەمی 2025 چوە واری جێبەجێ کردن کە لە سێ قۆناغ پێک دێت و نزیکە لەوەی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە کۆتایی پێ بێت.
قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە پێکهاتووە لە ئاڵوگۆرکردنی 33 دیلی ئیسرائیلی و دوو هەزار زیندانیی حەماس، هەروەها قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکە بریتییە لە کشانەوە هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە و ئازادکردنی 60 زیندانیی ئیسرائیلی.