دۆناڵد ترەمپ: لەچەند هەفتەی داهاتوو جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا کۆتایی دێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ئاشکرای کرد، لە چەند هەفتەی داهاتوو، جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا کۆتایی دێت، سەرۆکی فەرەنساش داوای گرەنتی سەقامگیری و ئاسایشی ئۆکرانیای لە ترەمپ کرد.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بەر لە گەیشتنی بە کۆشکی سپی و کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا، پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی(ئێکس) بڵاوکردەوە و تێیدا پشتیوانی بۆ ئازایەتی ئۆکرانیا لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووسیا دووپات کردەوە لەکاتێکدا ترەمپ ئۆکرانیا تاوانبار دەکات لە جەنگی بەرامبەر ڕووسیا.

دووشەممە 24ـی شوباتی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی پێشهاتەکانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا گەیشتە کۆشکی سپی و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆبووەوە.

دوای کۆبوونەوەکە، دۆناڵد ترمپ و ئیمانوێل ماکرۆن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا وردەکاری گفتوگۆکانی نێوانیان ڕاگەیاند، ئیمانوێل ماکرۆن ڕایگەیاند: ئەورووپا هێزەکانی بەرگریی پتەودەکات، ماکرۆن داوای کرد، ئەمەریکا بەهێزەوە بەشداریی  ئاسایش و سەقامگیری ئۆکرانیا بکات، دووپاتیشی کردەوە، پێویستە ئۆکرانیا بەشداریی گفتوگۆکانی کۆتاییهێنانی جەنگ بکات.

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکاش ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا کۆدەبێتەوە، بەڵام دیار نییە کەی کۆدەبنەوە، گوتی: دوای گەیشتن بە رێککەوتنێك هیچ جەنگێک لە ئۆکرانیا نامێنێت کە بەهۆیەوە نزیکەی ملیۆنێك و 400 هەزار سەرباز لە هەردوولا کوژراون.

دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەشدا، ئەمریکا بە بڕی 350 ملیار دۆلار هاوکاری بۆ ئۆکرانیا دابین کردووە، بۆ ئەوەی پارەکە بگەڕێنێتەوە نزیکە لەوەی رێککەوتنێك لەگەڵ ئۆکرانیا بۆ دەرهێنانی سامانی سروشتی واژۆبکات، بڕیاریشە ئەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتوو سەرۆکی ئۆکرانیا سەردانی کۆشکی سپی بکات و رێککەوتنەکە واژۆبکات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی: زۆر نزیکین و کار لەسەر رێککەوتنەکە بەردەوامە و نزیکین لەوەی بگەین بە رێککەوتنێك تا بتوانین لە ماوەیەکدا پارەکانمان بگەڕێنینەوە، 350 ملیار دۆلارمان پێداون نازانم چۆن گەیشتووینەتە ئەو ژمارەیە، بەڵام ئەمە پارەیەکی زۆرە و هیچ شتێکمان پێنەدرا نمایشی پێبکەین، ئەمە هەڵەی ئیدارەی بایدن بوو، ئەورووپیییەکان نزیکەی 100 ملیار دۆلاریان بە ناوی قەرز پێداون، دوای گەیشتن بە رێککەوتنێک هیچ جەنگێک لە ئۆکرانیا نامێنێت و کێشەکە زۆر گەورە نابێت، کەس هێندەی ئێمە یارمەتی ئۆکرانیا نادات، ئەگەر ئێستا نەبوومایە بە سەرۆك، ئۆکرانیا ئێستاش لە ئاستێکدا دەبوو بیری لە ئاشتی نەدەکردەوە، جەنگێکی تۆقێنەر و خوێناوییە، لەوانەیە 700 هەزار سەربازی رووسیا کوژرابێت و بۆ ئۆکرانیاش بە هەمان شێوە، ئەگەر کۆتایی بەو جەنگە نە‌هێندرێت، لە خاڵێکدا جەنگی جیهانی سێیەم بەرپا دەکات، لەگەڵ زیلینسکی کۆدەبمەوە، ئەگەری هەیە ئەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتوو سەردانمان بکات تا رێککەوتنەکە واژۆ بکات، لەگەڵ پوتنیش کۆدەبمەوە، نازانم کەی.

دوو ساڵ به‌سه‌ر شه‌ڕی ڕووسیا و ئۆكرانیادا تێپه‌ڕ ده‌بێت، هاوكات ئاماره‌كان له‌باره‌ی زیانه‌ گیانی و مرۆییه‌كان ده‌خرێنه‌ ڕوو، ئه‌مه‌ریكاش به‌ پشتیوانی یه‌كه‌می ئۆكرانیا داده‌نرێت له‌ شه‌ڕه‌كه‌ و له‌ ئێستاشدا هه‌وڵی ئاشتیی له‌ نێوان هه‌ردوو وڵات ده‌دات.
په‌یمانگه‌ی توێژینه‌وه‌ی جه‌نگیی له‌ واشنتن ڕایگه‌یاندووه‌، هێزه‌كانی سوپای ڕووسیا له‌ ماوه‌ی سێ ساڵی ڕابردوودا، ڕێژه‌ی 20%ـی خاكی ئۆكرانیایان كۆنترۆڵ كردووه‌، ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر شه‌ڕه‌كه‌ به‌ هه‌مان ئه‌م ڕیتمه‌ به‌رده‌وام بێت، ڕووسیا له‌ ماوه‌ی 83 ساڵی دیكه‌ ده‌توانێت ته‌واوی خاكی ئۆكرانیا بخاته‌ ژێر ده‌ستی خۆی.
ڤلۆدۆمێر زێلێنسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا ڕایگه‌یاندووه‌، تاكوو ئێستا 46 هه‌زار سه‌ربازی وڵاته‌كه‌ی كوژراون و 390 هه‌زاری دیكه‌یش بریندار بوون، هاوكات به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا پێیان وایه‌ زیانه‌كان زیاترن به‌ شێوه‌یه‌ك كوژراوانی سوپای ئۆكرانیا له‌ نێوان 60 بۆ 70 هه‌زار ده‌بێت.
له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، زیاتر له‌ 40 هه‌زار هاووڵاتی سڤیلی ئۆكرانی كوژراون، ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌، 10 ملیۆن و 600 هه‌زار ئۆكرانی كه‌ ده‌كاته‌ ڕێژه‌ی 25%ـی دانیشتووانه‌كه‌ی ئاواره‌ بوونه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك سێ ملیۆن و 700 هه‌زار له‌ ناوخۆی ئۆكرانیا ئاواره‌ بوونه‌ و شه‌ش ملیۆن و 900 هه‌زاریش په‌نایان بۆ ده‌ره‌وه‌ بردووه‌، كه‌ شه‌ش ملیۆن و 300 هه‌زار چوونه‌ته‌ ئه‌ورووپا و 560 هه‌زاری دیكه‌ش په‌نایان بردووه‌ته‌ به‌ر وڵاتانی دیكه.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا باسی له‌وه‌ كردووه‌، واشنتن له‌ سه‌ره‌تای شه‌ڕه‌كه‌وه‌ تاوه‌كوو مانگی كانوونی دووه‌می ئه‌م ساڵ، بڕی 65.9 ملیار دۆلار هاوكاریی سه‌ربازیی پێشكه‌ش به‌ ئۆكرانیا كردووه‌.