ترەمپ: لەگەڵ پوتن قسەمان کردووە کۆتایی بە جەنگ بێنین
ماکرۆن: گرەنتی ئاسایشی ئەورووپا پێویستە
دوای کۆبوونەوەکانیان لەبارەی پرسی کۆتایی هێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیان ڕێکخست و تێڕوانینی خۆیان لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا خستە ڕوو.
دووشەممە 24ـی شوباتی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دوای کۆبوونەوەیان لە کۆشکی سپی، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیان ڕێکسخت، لە سەرەتای کۆنفرانسەکەشدا، ئیمانوێل ماکرۆن گوتی: پێویستە ئۆکرانیا ئاشتییەکی درێژخایەن بۆ وڵاتەکەی دەستەبەر بکات و دەمانەوێت جەنگ کۆتایی بێت، گوتیشی:لە گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمەریکا هەنگاوی ئەرێنیمان ناوە، ماکرۆن ئاماژەی بەوە کرد، جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا تەنها پەیوەست نییە بە ئۆکرانیا، بەڵکو گەرەنتییە بۆ تەواوی ئەورووپا، دەمانەوێت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن ئەو جەنگە کۆتایی پێبهێنین، ڕاگرتنی جەنگ بەبێ گەرەنتی ئەمنی، هیچ سوودێکی نییە، پێویستە گەرەنتی ئەمنی بۆ ئۆکرانیا و ئەورووپا و وڵاتانی ناوچەکە دابین بکەین.
ماکرۆن گوتی: گفتوگۆمان کردووە هێزی ئاشتی پارێز لە ئۆکرانیا جێگیر بکەین بۆ ئەوەی جەنگ دووبارە نەبێتەوە.
ماکرۆن گوتی: نابێت سنووری وڵاتان پێشێل بکرێت و ئاشتی بەواتای خۆبەدەستەوەدانی ئۆکرانیا نایەت.
لەبارەی تواناکانی ئێرانیش، ماکرۆن دووپاتی ئەوەی کردەوە، نابێت ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات، پێویستە سنوورێک بۆ ئێران دابندرێت چەکی بالیستی بەرەو پێشەوە نەبات.
دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و گوتی:لەگەڵ ماکرۆن لەسەر چەند پرسێک هاوڕاین و فەرەنسا هاوپەیمانێکی کۆنی ئەمەریکایە، گوتیشی: ئێستا کاتی کۆتاییهاتنی جەنگی ئۆکرانیایە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، کۆبوونەوەکەی سعوودیە گفتوگۆی بەرهەمداری لێکراوە، ئاشکرای کرد کە لەگەڵ پوتن قسەیان کردووە بۆ ئەوەی کۆتایی بە جەنگ بێنن، دۆناڵد ترەمپ گوتی: هەندێک نایانەوێت ئەو جەنگە کۆتایی بێت، ئەو تیمە بۆ ئەو پرسە ڕامسپاردوون، تیمێکی لێهاتوون، لەو جەنگە هەزاران کەس گیانیان لەدەستدا.