ئیدارەی ترەمپ پەرە بە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان دەدات
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەخت لەوە دەکاتەوە واشنتن لە کارکردن لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگە، بەردەوام دەبێت.
سێشەممە، 25-02-2025، ساموێل وۆربێرگ، گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بە دڵنیاییەوە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی نوێی ئەمەریکا، بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرە بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دەدات."
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دووپاتیشی کردەوە، واشنتن بەردەوام دەبێت لە هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش.
ئەمە لە کاتێکدایە، چەند ڕۆژێک پێش ئێستە، ئاژانسی ڕۆیتەرز لەسەر زاری هەشت سەرچاوەی جیاوازە ئاماژەی بەوە کردبوو، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هۆشداریی داوەتە عێراق، بە زووترین کات هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەوپێشچوون و لە ڕابردوودا، سەرۆکی ئەمەریکا لە دیموکراتەکان یان کۆمارییەکان بووبێت، هیچ لەو ستراتیجە نەگۆڕاوە کە ئەمەریکا و هەرێمی کوردستانی پێکەوە بەستووەتەوە.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003، پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان زیاتر پەرەیان سەند و ڕەهەندی سەربازی و ئەمنی زیاتری بەخۆوە بینی؛ ئەمەش زیاتر لەبەر هاوکارییەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای ئەمریکا لە ڕووخاندنی بەعس و دواتریش لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پاشانیش لە تێکشکاندانی داعشدا.