کشتوکاڵی ئەمریکا: ئەمساڵ هاوردەی برنج بۆ عێراق دوو ملیۆن تۆن دەبێت

وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکا رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ عێراق نزیکەی دوو ملیۆن تۆن برنج هاوردە بکات، بەمەش عێراق وەک یەکێک لە وڵاتە هەرە دیارەکانی هاوردەکاری ئەم بەرهەمە لە ئاستی جیهاندا دەمێنیتەوە.

 بەگوێرەی ئەو داتایانەی بەشی کشتوکاڵی دەرەکیی سەر بە وەزارەتەکە بڵاویکردووەتەوە، پێشبینی دەکرێت ئاستی هاوردەی برنج بۆ عێراق بە جێگیری بمێنێتەوە و هیچ گۆڕانکارییەک بەراورد بە ساڵی رابردوو بەخۆیەوە نەبینێت.

هەر بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکا، عێراق لە ساڵی 2024-2025 بۆ 2.181 ملیۆن تۆن برنجی هاوردە کردووە، ساڵی 2023-2024 2.125 ملیۆن تۆن بووە و ساڵی 2022-2023 کە 1.845 ملیۆن تۆن بوو، واتە ساڵ داوای ساڵ هاوردەکردنی ئەم بەرهەمە زیادیکردووە.

ئاماژەی بەوەش داوە، لەسەر ئاستی جیهان، پێشبینی دەکرێت قەبارەی بازرگانیی برنج لەمساڵدا بگاتە 63.125 ملیۆن تۆن، لە کاتێکدا ئەم رێژەیە بۆ ساڵی 2025-2026 نزیکەی 61.345 ملیۆن تۆن خەمڵێنرابوو.

لە نێو وڵاتانی هەناردەکاردا، هیندستان بە هەناردەکردنی 25 ملیۆن تۆن برنج لە پلەی یەکەمی جیهاندایە، دوای ئەو، ڤێتنام بە 8 ملیۆن تۆن، تایلاند بە 7.5 ملیۆن تۆن و پاکستان بە 5 ملیۆن تۆن دێن.

لە ئاستی وڵاتانی هاوردەکاردا، فلیپین بە هاوردەکردنی 5.6 ملیۆن تۆن لە پێشەنگی وڵاتاندایە. هەروەها ڤێتنام بە 4 ملیۆن تۆن، چین بە 3.3 ملیۆن تۆن، نەیجیریا بە 2.9 ملیۆن تۆن لە ریزبەندییەکەدا دێن و هاوردەی عێراقیش بە 2 ملیۆن تۆن خەمڵێنراوە.