سووریا و ئوردن لەسەر بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچییەتی ڕێککەوتن

 چوارشەممە، 26ـی شوباتی 2025، ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا سەردانی ئوردنی کرد و لەگەڵ شا عەبدوڵلای دووەم شای ئوردن لە عەممان کۆ بوونەوە. 

کۆشکی شاهانەی ئوردن بڵاوی کردووتەوە، لە کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی سووریا و شای ئۆردن لەسەر چەند خاڵێک گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، لەوانیش بەهێز کردنی سنووری نێوانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچییەتی لە نێوان ئەو دوو وڵاتدا.

هەروەها شا عەبدوڵلا لە کۆبوونەوەکەدا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەم دوایانەی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق کردووە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆشکی شاهانەی ئوردن، ڕێژەی قاچاخچییەتی چەک و ماددەی هۆشبەر لە نێو گرووپەکانی سەر بە ئێران لە سەردەمی ڕژێمی بەشار ئەسەد زیادی کردووە، بۆیە لەگەڵ سووریا ڕێککەوتوون کە بە هەماهەنگی کار بۆ بەهێزکردنی سنوورەکانیان بکەن، بۆ بەرەنگاربوونەوەی بە قاچاخبردنی ماددەی هۆشبەر و چەکی نایاسایی.

لە بەرانبەریشدا، ئەحمەش شارع بەڵێنی دا کە ڕێگریی لەو جۆرە قاچاخچییە بکات.

سەردانەکەی ئەحمەد شەرع بۆ عەممان، دەبێتە سێیەم گەشت بۆ دەرەوەی سووریا، پێشتر سەردانی هەریەک لە سعوودیە و تورکیا کردبوو.

چاودێران پێیان وایە "سەردانی شەرع بۆ عەممان و دیداری لەگەڵ شا عەبدوڵلای دووەم، بایەخێکی زۆری هەیە، بەتایبەتی لەو کاتەدا کە بارودۆخی ناوچەکە ئاڵۆزە، دیارترینیان شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە وهێرشەکانی بۆ سەر هەندێک ناوچەی سووریا."

ئوردن و سووریا سنوورێکی وشکانییان بە درێژایی 375 کیلۆمەتر هەیە. ئوردنیش لە ساڵانی ڕابردوودا تووشی دزەکردنی بەردەوام و ئۆپەراسیۆنەکانی قاچاخچێتی چەک و ماددە هۆشبەرەکان بووەتەوە، کە لەلایەن ڕژێمی پێشووی سووریاوە دەکرا.

پێشتر، ئوردن ئامادەیی خۆی بۆ یارمەتیدانی سووریا بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە پیشان دابوو، بەڵێنیشیان دابوو هاوکاری بکەن لە دابینکردنی کارەبا و غاز بۆ ئەو سووریا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment