دۆناڵد ترەمپ لە دەرکردنی فەرمانبەرانی وڵاتەکەی بەردەوامە
لەیەکەم کۆبوونەوەی کابینەی دۆناڵد ترەمپ، بە ئامادەبوونی ئیلۆن ماسک بڕیار لەسەر کەمکردنەوەی ڕێژەی فەرمانبەرانی حکوومەتەکەی دراوە؛ لە یەکەم هەنگاویشدا، ترەمپ وای نیازە لە %65 کارمەندانی دەزگای پاراستنی ژینگەی ئەمەریکا دەربکات.
چوارشەممە 26ـی شوباتی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە "دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لەیەکەم کۆبوونەوەی کابینەکەیدا، دەزگا فیدراڵیەکانی وڵاتەکەی ئاراستە کردووە کە ئامادەکاریی بکەن بۆ دەرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە فەرمانبەرانی وڵاتەکەی."
ڕۆیتەرز ڕاشیگەیاندووە "لە پرۆژەکەدا ئاماژە بە ژمارەی ئەو فەرمانبەرانە نەکراوە کە دەردەکرێن، بەڵام پێشبینی دەکرێت زیاتر لە 100 هەزار فەرمانبەر بێت."
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسە ئەمەریکاییەکە، تاوەکوو 13ـی ئادار دەبێت دەزگاکان پلانەکە پێشکەش بکەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند "لی زەلدین، بەڕێوەبەری دەزگای پاراستنی ژینگەی ئەمەریکا، بە نیازە %65 کارمەندەکانی دەر بکات، دەبێت ئەو پرۆسەیەش بە خێرایی جێبەجێ بکرێت."
ئێستە دەزگاکە زیاتر لە 17 هەزار فەرمانبەری هەیە، لە کاتێکدا، حکوومەتی فیدراڵی ئەمەریکا نزیکەی دوو ملیۆن فەرمانبەری مەدەنی هەیە.