ڕاوێژکاری داهاتووی ئەڵمانیا دەچێتە پاریس

سەرۆکی فەرەنسا لە کۆشکی ئەلیزێ پێشوازیی لە ڕاوێژکاری داهاتووی ئەڵمانیا دەکات.
کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئەلیزێ) چوارشەممە 26ـی شوباتی 2025 ڕایگەیاند "ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ڕۆژی چوارشەممە لە ئێوارەخوانێکدا پێشوازیی لە فرێدریک مێرز ، ڕاوێژکاری داهاتووی ئەڵمانیا دەکات.
کۆشکی ئەلیزێ هیچ زانیارییەکی زیاتری لەسەر کۆبوونەوەکە نەخستوتە ڕوو، بەڵام پێشبینی دەکرێت وێرای پیرۆزبایی، باس لە پتەوکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکەیان و ئامادەکاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو قەیرانانەی بەرۆکی یەکێتیی ئەورووپای گرتووە.
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، پارتی پارێزگارانی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتیی فرێدریک مێرز، پلەی یەکەمی گرتووە و 211 کورسی پەرلەمانی مسۆگەر کردووە، هەروەها پارتی شوێنگرەوە بۆ ئەڵمانیاش بە سەرۆکایەتیی ئەلیس ڤایدل، بە بەدەستهێنانی 142 کورسی لە پلەی دووەمە.
هاوکات ڕاوێکاری ئەڵمانیا لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕۆڵێکی سەرکی و کاریگەری هەیە.
پێشبینیش دەکرێت، بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی ئەڵمانیا، پارتی پارێزگارانی ئەڵمانیا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کۆمەڵایەتی ببنە هاوپەیمان و بەیەکەوە کابینەی داهاتوو وڵاتەکایان پێک بهێنن.